لە فڕۆکەخانەکانی عێراق ئامێری پشکنینی زێڕ دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، چوار بنکەی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی عێراق کراونەتەوە، هەر کاتێکیش دەستەی گومرگ داوای کردنەوەی بنکەی دیکە لە هەولێر و سلێمانی بکات، "ئامادەین بۆ دابینکردنی ئامێر."
ئەمڕۆ سێشەممە،17-12-2024، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەی دوو مانگە دوو بنکەی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف کراونەتەوە و رۆژانە بە باشترین ئامێرە پێشکەوتووەکانی جیهان پشکنین دەکەن، لە هەموو جیهان تەنیا سێ وڵات ئەم ئامێرانە بەکار دەهێنن".
ئەم ئامێرانەی داندراون رێگری دەکەن لە هاوردەکردنی زێڕی ساختە و کارەکانیش زوو تەواو دەکات و مۆری لێ دەدات.
هینداوی لەبارەی فڕۆکەخانەکانی کەرکووک و بەسرەش گوتی، "ئامێرەکان بۆ ئەم دوو فرۆکەخانەیە دانراون و ئێستا کارمەندان لە دەرەوەی وڵات راهێنانیان پێدەکرێت و بەمزووانە لەم دوو فڕۆکەخانەیەش دەکەونە کار".
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی دانانی سیستمەکە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا، "تاوەکو ئێستا دەستەی گومرگەکانی عێراق داوای لێ نەکردووین، هەر کاتێک ئەوان داوای بکەن، لە ماوەیەکی کەمدا بۆیان دابین دەکەین."