پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: مالیکی چاوی لەوەیە ببێتەوە سەرۆکوەزیران

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، سەرۆکی هاوپەیمانیییەکەیان چاوی لەوەیە لە خولی داهاتووی هەڵبژاردنی پەرلەماندا، ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق. 
 
سائیر عەبدولکازم جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17-12-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووری مالیکی، چاوی لەوە نییە لەم خولەی هەڵبژاردندا لە شوێنی محەممەد شیاع سوودانی ببێتەوە سەرۆکوەزیران و کێبڕکێی سوودانی ناکات؛ بەڵام چاوی لەوەیە لە خولی داهاتوودا ببێتەوە سەرۆکوەزیران.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، دەکرێت لە خولی داهاتووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، ئەو دەرفەتە بۆ هەمووان رەخساوە تاوەکو خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و پۆستەکانی دیکەی وڵات  بەربژێر بکەن و لەوبارەوەش هیچ رێگرییەک نییە. 
 
نووری کامل محەممەد حەسەن مالیکی ساڵی 1950 لەدایکبووە، ماستەری لە ئەدەبی عەرەبی هەیە و، باوکی چوار کچ و کوڕێکە. ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە. لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو ساڵی 2014 بۆ دوو خول سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
 
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، پێکهێنەری سەرەکیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەیە. چوارچێوەکە بە هاوپەیمانیی لەگەڵ کورد و سوننە، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 2021ـدا ئەم کابینەیەی حکومەتی ئێستای عێراقیان پێکهێنا.