لیژنەی دارایی لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب: چارەسەری ریشەیی کێشەی مووچە دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریى هەردوو وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق دەکات بۆ تاوتوێکردنى کێشەکانى نێوانیان لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان و مووچەى فەرمانبەران.
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی گەیشتوونەتە بەغدا بڕیارە لەگەڵ راوێژکارانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کۆببنەوە بۆ چارەسەری کێشە داراییەکانی نێوانیان. 
 
ئەحمەد جبووری، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "کاتی کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری دارایی فیدراڵی و وەزیری دارایی هەرێم دیاریکراوە، پێموایە ئەنجامەکەی ئەرێنی دەبێت، لێکتێگەیشتنی سیاسی هەیە بۆ ئەم کۆبونەوەیە، میکانیزم و چارەسەرێک دەدۆزینەوە بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشانەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەیەکی ریشەیی نەوەک بۆ شێوەیەکی کاتی."
 
لە کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی بەراوردى زانیارییەکان دەکرێت لەبارەى خەرجى هەرێمى کوردستان و ئەو زانیارییانەى لەسەر هەمان بابەت لە وەزارەتى دارایی عێراقدا هەن، پاشان راپۆرتێک دەدرێتە سەرۆکایەتیى پەرلەمانی عێراق. 
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لیژنەی دارایی کۆمەڵێک پرسیاری هەیە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی وەزیری دارایی و ئابووری کردووە بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکاندا قسەی لەسەر بکرێت، لەنێویاندا بابەتی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، داهاتی دەروازە سنوورییەکان لەهەمانکاتدا پرسی بەرهەمهێنانی نەوت و ئەو نەوتەی کە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت ئەوەشی کە دەمێنێتەوە، جگە لەوە بابەتی میلاکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەدەنی و سەربازی، هەروەها ژمارەی پلەی وەزیفییان، ناونیشانەکانیان و ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە بۆ مووچەی مانگانەیان. 
 
سەبارەت بە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لیژنەی دارایی دڵنیاییاندا کە کاریگەریی لەسەر ناردنی نابێت و لە کاتی خۆیدا و لە نێوان 20 بۆ 25ـی ئەم مانگە بڕیارە خەرجبکرێت.