عەممار حەکیم بۆ هێزە سیاسییەکان: سوود لە چلەی ئیمام حوسێن وەربگرن و ئاستەنگەکان مەهێڵن


رووداو-هەولێر

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی هانی هێزە سیاسییەکان دەدات سوود لە کەشی چلەی ئیمام حوسێن وەربگرن و رێز و هەوڵەکانیان یەکبخەن و ئاستەنگەکان نەهێڵن.
 
رۆژی شەممە، 17-9-2022، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە بۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە. لە بەشێکی پەیامەکەیدا هانی هێزە سیاسییەکان دەدات کە سوود لەم بۆنەیە وەربگرن و هەوڵەکانیان یەکبخەن تاوەکو دەگەنە خاڵی بەیەکگەیشتن لە بەرژەوەندی گەل و نیشتمان. 
 
عەممار حەکیم داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات، ئاستەنگەکان تێپەڕێنن کە بەربەستن لەبەردەم پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، ئەوەش بەهۆی ئەو بنبەستە سیاسییەی کە هەیە.  
 
ئەمڕۆ یەکێک لە گرنگترین بۆنە ئایینییەکانى شیعە لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت. بۆنەکە چلەى کوژرانى ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامى شیعەکانە. ئەوان بە سرووتى جیاواز یادەکە زیندوو دەکەنەوە. 
 
ساڵانە ملیۆنان هاووڵاتیى شیعە بەشداردەبن لە زیندووکردنەوەى ئەو چلەیەى ئیمامەکەیان کە بەگوێرەى رۆژمێرى کۆچى 20ى مانگى سەفەرە کە هەر ساڵە و لە رۆژێکدایە و بۆ ساڵى 2022، ئەمڕۆ 17ى ئەیلوولە. زیارەتکارانى شیعە سەردانى مەزارى ئیمام حوسێن دەکەن لە شارى کەربەلا.
 
ئیمام حوسێن لە ساڵى 680ى زاینى کە دەکاتە 61ى کۆچى، لەگەڵ بەشێک لە یاوەرانى لە کەربەلا کوژرا و هەر لەوێش بەخاک سپێردرا. ئەو رووداوە بە شەڕى کەربەلا یان "رووداوى تەف" ناسراوە کە ماوەى سێ رۆژى خایاندووە، کاتێک ئیمام حوسێن و یاوەرانى لەگەڵ سوپاى سەر بە یەزیدى کوڕى مەعاویە جەنگاون کە ئەوکات "خەلیفەى" دەوڵەتى ئومەوى بووە. 
 
چوون بەرێگەدا، سەرەکیترین سرووتەکانى مەراسیمى چلەى ئیمام حوسێنە. لە پارێزگارى بەسرەوە کە زیاتر لە 200 کیلۆمەتر لە کەربەلاوە دوورە، بەر لە 20 رۆژ بەڕێکەوتنى زیارەتکاران بۆ کەربەلا دەستپێدەکات.