پێنج ملیۆن زیارەتکاری بیانی بەشدارییان لە چلەی ئیمام حوسێن کرد


رووداو - هەولێر

جیاواز لە ساڵانی رابردوو، سەردانیکارانی بیانی بۆ چلەی ئەمساڵی ئیمام حوسێن زیاترن، بەشی هەرەزۆری زیارەتکارە بیانییەکان، ئێرانی بوون.
 
زیارەتکارانی ئێرانی هەزاران کیلۆمەتریان بڕی تاوەکو فرمێسکە قەتیس کراوەکەیان بۆ ئیمام حوسێن و عەباسی برای لەسەر خاکی نەجەف و کەربەلای عێراقدا بڕێژن.
 
فەرید ئەمیر، هاووڵاتیی ئێرانی کە یەکێک بوو لە زیارەتکاران گوتی: "ساڵ دوای ساڵ ژمارەی سەردانیکاران زیاتر دەبێت، بەڵام هیچ کاتێک هێندەی ئەمساڵ قەرەباڵخ نەبووە. پێموایە هۆکارەکەی بۆ هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر پاسپۆرتی ئێرانی دەگەڕێتەوە".
 
لە 20 رۆژدا ملیۆنان کەسی شیعە مەزهەب سەردانی نەجەف و کەربەلایان کردووە کە زیاتر لە پێنج ملیۆنیان بیانین.
 
نەجمە، زیارەتکارێکی دیکەی ئێرانییە و باسی لەوە کرد: "لە قومەوە هاتووین. ئێمە سەر بە کاروانی کچی عەباسین و لە دەروازەی میهرانەوە هاتووین. چوار رۆژ لە رێگە بووین تاوەکو گەیشتینە ئێرە. هەموو شتێك باش بوو لە پێشوازیکردن و خزمەتگوزاری، سەرجەم ئەوانەی کە لێرەن بە باشی کارەکانیان دەکەن".
 
چلەی ئەمساڵی ئیمام حسێن لە نوێگەرایی بێ بەش نییە، شین و گریان و لە سەر و سنگ دان بە شێوازی کۆن، تێکەڵ بە ریتمی خێرای موزیکی پۆپ کراوە.