کۆمیسیۆن سێ دەنگدانى ئەزموونى دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە مانگەکانى ئاب و ئەیلوولدا سێ جار ئەزموونى دەنگدان و گواستنەوەى زانیارییەکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات، بۆ دڵنیابوون لە باشیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "لە ناوەڕاستى مانگى ئاب، دوو دەنگدانى ئەزموونى لە 177 ناوەندى دەنگدانى هەرێمى کوردستان دەکرێن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان، سێیان لە ناوەندى سەرەکیى پارێزگاکانى سلێمانى، هەولێر و دهۆک دەبن."
 
20ـى تشرینى یەکەمى 2024 وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاری کراوە.
 
عیماد جەمیل رایگەیاند: لە مانگى ئەیلوول ئەزموونێکى دیکە لە بارەى سیستمى گواستنەوەى زانیارییەکانى دەنگدان دەکرێت. 
 
18ـى تەممووز، دوا وادەیە بۆ پێشکێشکردنى لیستى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دیاری کراوە.
  
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق گوتیشی "هەر گۆڕانکارییەک لە لیستى بەربژێران و جێگۆڕکێیان، دەبێت تاوەکو 18ـی تەممووز بکرێت، بەوانەشەوە کە پێشتر ناویان تۆمارکراوە و دواى ئەو رۆژە گۆڕانکاری ناکرێت".
 
یەکەمجارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە فرەبازنەیی بکرێت، سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە سێ کورسیی بۆ تەرخانکراوە؛ لە هەریەک لە هەولێر و سلێمانى، دوو کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراوە؛ لە دهۆک کورسیەک بۆ کۆتاى کریستیان تەرخانکراوە.