کچێکی نیڤشکانی عێراقی بەشداری لە پارائۆڵۆمپیی پاریس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نەجلا خەڵکی دیالەیە، هەردوو قاچ و دەستێکى لەدەستداوە، بەڵام بێ هیوا نەبووە. بەر لە 10 ساڵ لە تەقینەوەیەکدا ئەو سێ ئەندامەى جەستەى لەدەستدا، بەو دۆخەوە تێنسى سەر مێز دەکات و ئێستاش بەشدارە لە پارائۆڵۆمپیی پاریس.
نەجلا عیماد، وەرزشڤان دەڵێت، "سەرەتا باوکم قایل نەبوو ئەم وەرزشە بکەم، لەبەر ئەوەى تێنس پێویستى بە جووڵەیە، تەمەنم کەم بوو، سێ ئەندامى جەستەشم لەدەستدابوو. ئەمە بۆ من ئەستەم بوو، بەڵام راهێنەرەکەم رژد بوو لەسەر ئەوەى بەردەوام بم و بە باوکم بڵێم بۆ ماوەى مانگێک ئەو وەرزشە تاقی بکەمەوە تاوەکو بزانم باشە یان نا."
لەکاتى یاریکردنى دارشەقەکانى دادەنێت و دەستى چەپى بۆ یاریکردن بەکاردەهێنێت. نەجلا لەگەڵ ژمارەیەک کچى دیکەى نیڤشکان راهێنان دەکات، لە ماڵیشەوە خێزانەکەى هانی دەدەن.
عیماد لەفتە، باوکى نەجلا دەڵێت، "ئەوەى هانیدام، ئەوە بوو کە دەستى بەو وەرزشە کرد پەرۆش بوو بۆى. توانى پلەى یەکەم لەسەر ئاستى عێراق بەدەستبهێنێت. منیش زیاتر هانم دا، سەرەتا ترسمان هەبوو نەتوانێت و ماندووى بکات، بەڵام ئاڵنگاریى خۆی و هەمووانى کرد."
نەجلا لە ناوەندێکى بچووکى شارى بەعقوبە مەشق دەکات، بەڵام دەیەوێت لە بۆنەیەکى وەرزشیى گەورەدا بەشدار بێت، کە یارییەکانى پارائۆڵۆمپیکە لە پاریس.
نەجلا ئاماژەی بەوە کرد، "کەسوکارم و ئەو ناوچەیەى لێى دەژیم، هەموویان پاڵپشت و هاندەرمن، پەرۆشن بۆئەوەى بەشداربم لە ئۆڵۆمپیاتەکە و میدالیاى زیوین بەدەستبهێنم."
نەجلا دەیەوێت خوێندنى ئامادەییش تەواو بکات بەر لەوەى لە 28ى ئابى داهاتوو یارییەکانى پارا ئۆڵۆمپیک بۆ نیڤشکانان لە پاریسى پایتەختى فەرەنسا دەستپێبکات.