سەرپەرشتیارى نوێژى بەکۆمەڵى رەوتی سەدر بۆ لایەنگرانیان: ئاڵاى رۆژی غەدیر بەرز بکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیارى نوێژى بەکۆمەڵى هەینى سەر بە رەوتى سەدر، داوای لە لایەنگرانیان کرد بۆ ئەو نوێژە ئاڵاى رۆژى غەدیر بەرز بکەنەوە و بەرماڵ و چەتر لەگەڵ خۆیان ببەن. دەشڵێت، ئامادەبوونی ژن و منداڵ لەو نوێژە "زۆر گرنگە".
سەرپەرشتیارى گشتیى نوێژى بەکۆمەڵى هەینى سەر رەوتى نیشتیمانى شیعە (سەدر) رێنمایی لە بارەی ئەو نوێژە بڵاوکردەوە، کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینى 17ى ئایار لە چەند پارێزگایەکى عێراق بکرێت.
لە رێنماییەکاندا هاتووە، دەبێت نوێژخوێنان ئاڵاى رۆژى غەدیر بەرز بکەنەوە، ئەگەر کرا بەرماڵ، گڵ و چەتر لەگەڵ خۆیان ببەن، تاوەکو دەتوانن زوو ئامادەبن بۆ ئەوەى قەرەباڵخى دروست نەبێت.
نوێژە بەکۆمەڵەکە بۆ یادکردنەوەى رۆژى غەدیرە کە بۆنەیەکى شیعەکانە و پەیوەندیی بە دیاریکردنى جێنشینى پەیامبەرى ئیسلامەوە هەیە، شیعەکان پێیانوایە لەو رۆژەدا عەلى کوڕى ئەبوتالیب بۆ جێگرتنەوەى پەیامبەر وەک خەلیفەى موسڵمانان دیاریکراوە.
لە بەشێکى دیکەى ئەو رێنماییانەدا ئاماژە بەوەدراوە، ئامادەبوونى خێزانەکان لە ژن و منداڵ "زۆر گرنگە" چونکە بەدەنگەوەهاتنى داواى موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتەکەیە بۆ سەرخستنى ئەو رۆژە.
بەگوێرەى رێنماییەکان، دەبێت ئۆتۆمبێلەکان لە شوێنى تەرخانکراو رابگیرێن و نوێژ لەسەر شەقامە گشتییەکان بکرێت، کە بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراون، نەک لە رێگە لاوەکییەکان.
ئەو نوێژە بەکۆمەڵە لەسەر داواى موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتیمانى شیعە بوو کە 14ى ئایار داواى کردنی کرد.
شیعەکانى عێراق دەیانەوێت رۆژى غەدیر بکرێتە پشووى فەرمى، دیاریکردنى ئەو رۆژە وەک پشوو لە پڕۆژەیاساى پشووە فەرمییەکانى عێراقدا هەیە، کە بڕیارە 18ى ئایار پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى دووەمى بۆ بکات.