لە کۆى 67 مادەى پڕۆژەیاسای بودجە، تەنیا هەشت ماددەى ماوە یەکلابکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق لە 20ـی ئایار کۆدەبێتەوە، ئەندامێکى لێژنەى داراییش دەڵێت ئەگەر زۆرە لەو کۆبوونەوەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بدرێت، کە بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە کۆى 67 مادەى پڕۆژەیاساکە، تەنیا هەشت ماددەى ماوە یەکلابکرێتەوە.
 
رۆژی 17ـی ئایارى 2023، پەرلەمانى عێراق یاساى خانەنشینى و بیمەى کۆمەڵایەتى کرێکارانى پەسند کرد و بڕیاردرا کە کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ 20ـی ئایار هەڵبگرێت.
 
ئامانج هەرکى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەگەر تاوەکو 20ـی ئایار لێژنەى دارایی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى ئامادە بکات، لەو کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگى لەسەر دەدرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە لێژنەى دارایی لە کۆبوونەوەکانى بەردەوام دەبێت، بۆ دەنگدان بە ماددەکانى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى لەنێو لێژنەکە، بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو کە لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە وەریگرتوون، لەکۆى 67 مادەى پڕۆژەیاساکە، دەنگ بە 59 مادەیان دراوە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لێژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەو ماددانەى پەیوەندیدارن بە پشکى هەرێمى کوردستانەوە ماون دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەگەر ئەمڕۆ دەنگدان لەسەر مادەکان تەواو بکەین، ئەگەر زۆرە شەممە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى بخرێتە دەنگدانەوە".
 
مادەکانى 12، 13 ،14ـی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى و شێوازى فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان و چۆنیێتى مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتەکەى.
 
قەبارەى بودجەى گشتیى عێراق زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
 
بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق، پێویستە لێژنەى دارایی ماددەکانى پەسند بکات و پێشنیازى گۆڕانکارییەکان ئامادەبکات بۆ ئەوەى لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت.