گەنجێک بژێویی ژیانی بە پەبجی پەیدا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

تادێت ژمارەی هەوادارانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت. یەکێک لە پڕجەماوەرترینی ئەو یارییانە پەبجییە.
 
هەوادارانی ئەو یارییانە دەڵێن لە رێگەی یارییکردنەوە لە کێشە و خەمەکانی ژیانی راستەقینە بەرەو گۆڕەپانی جەنگی ئەلیکترۆنی هەڵدێین، بۆ تاقیکردنەوەی سەرکەوتن لە جەنگدا یان خۆشەویستی و هاوڕێتی.
 
حەیدەر جەعفەر، کە هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتووی تورکیایە؛ یەکێکە لەو یاریزانانەی کە تەنانەت بژێوی ژیانی خۆی لە رێگەی یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە پەیدا دەکات.
 
حەیدەر جەعفەر، بەڕێوەبەری یەکێتی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق و دەڵێت، "بیرۆکەی دروستکردنی یەکێتییەکە پێش نزیکەی دە ساڵ سەریهەڵدا، لەوکاتەی ئێمە تەنیا بە گەیمز یاریمان دەکرد، کە یەکێکە لە یارییەکانی بەتەرفێڵد، دواتر گەیشتینە کۆتایی، سەرسام بووین کاتێک یەکێتی نێودەوڵەتی داوای لێکردین بەشداربین، ئەو یارییانە وەبەرهێنانیان تێدایە و دەکرێ بەهرەکانیش بدۆزنەوە".
 
گەنجانی خوار تەمەنی 25 ساڵ؛ کە 60٪ـی دانیشتووانی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، ئەو چینەن کە ئالودەی یاری پەبجی بوون لەسەر مۆبایلی زیرەک، بەڕادەیەک پێیان دەگوترێ نەوەی پەبجی.
 
هەڵمەت شیار، یاریکەری یارییە ئەلیکترۆنییەکانە و دەڵێت، کێشەیەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە خەتەکەمان خاوە. هاوکات، پاڵپشتیکاریشیان نییە.
 
یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەشێوەیەک جێگەی خۆیان لە ژیانی خەڵکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە؛ هاوشێوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ئامرازێک بۆ پەیوەندیکردن و رکابەری و ئەوینداری، هەروەها پەیداکردنی نان.
 
هاوشێوەی پەیج و ئەكاونتەكان، لە هەرێمی كوردستان كڕین و فرۆشتن بە ئەكاونتی یاری پەبجیش دەكرێت. عومەر حەمید كە ماوەی ساڵێكە لە هەولێر كڕین و فرۆشتنی یوسی و ئەكاونتی یاری پەبجی دەكات، دەڵێت: نرخی ئەکاونتی پەبجی بەگوێرەی بەرزی ئارپی و ئەو چەك و جلوبەرگانەی تێیدایە لە نێوان دوو تاوەکو حەوت هەزار دۆلارە. 
 
باوانەکان بە چاوی ناڕەزایەتییەوە دەڕواننە یارییە ئەلیکترۆنییەکان و دەڵێن ئەوە تەنیا کات بەفیڕۆدانە و ئەو یارییانە گەنجان بەرەو تووندوتیژی و راهاتن لەسەر بەکارهێنانی چەک و بینینی دیمەنی کوشتن و خوێن هاندەدەن، هەر لەو روانگەیەوە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2019دا بڕیاری دا یاری پەبجی قەدەخە بکات. بڕیارێک کە "تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە."