بەرپرسى هۆبەیەکی خاوەن پێداویستیی تایبەت "بە نایاسایی" مووچە بۆ دایک و خوشکی دەبڕێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی هۆبەى خاوەن پێداویستیی تایبەت لە پارێزگای واستی عێراق، مووچە بۆ دایک و خوشکێکى و چەند کەسێکى نزیکى بە "نایاسایی" وەک چاودێرى خاوەن پێداویستیى تایبەت دەبڕێتەوە و بۆ راپەڕاندنی ئەو کارەشی چەندین بەڵگەنامەى ساختەکردووە.
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق بڵاویکردەوە، ئەو بەڕێوەبەرە راپۆرتى پزیشکى و نووسراوى وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتی ساختە کردووە بۆ بڕینەوەی مووچە بۆ دایک و خوشکی و پێشێلکارى کردووە، بەو هۆیەوە زیانى بە موڵک و ماڵى گشتى گەیاندووە.
 
دەستەکە ئاشکرایکرد، ئەو بەڕێوەبەرى هۆبەیەى خاوەن پێداویستى تایبەتى واست، ناوى دایکى و خوشکێکى و چەند کەسێکى نزیکى بۆ وەرگرتنى ئەو مووچەیە تۆمار کردووە و راپۆرتى لیژنەى پزیشکى و نووسراوى دەستەى خاوەن پێداویستى تایبەت و وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى ساختە کردووە، هەروەها دەستیش گیراوە بەسەر دۆسیەى 108 کەسدا کە بەو شێوەیە مووچەیان بۆ بڕدراوەتەوە.
 
مووچەى چاودێرىی خاوەن پێداویستى تایبەت بۆ ئەو کەسانە دەبڕدرێتەوە کە لە ماڵێکدا چاودێرى خاوەن پێداویستیەکى تایبەت دەکەن کە دەبێت کەسی نزیکى بێت.
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتیی عێراق، زیاتر لە 220 هەزار کەس لە عێراق ئەو مووچەیە وەردەگرن، کە مانگانە 170 هەزار دینارە.