بانکی خانووبەرەی عێراق قەرزی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون دەداتە هاووڵاتیان

رووداو دیجیتاڵ
بانکی خانووبەرەی عێراق، مەرجەکانی وەرگرتنی قەرز بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون و زانیاری لەبارەی بڕی قیستی مانگانە و ماوەی پێدانی قەرزەکەشی دەخاتەڕوو. قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بانکەکە، کاژێر 12ی نیوەڕۆی دووشەممە 17/03 /2025 لینکی تۆمارکردن و دەرگای پێشکێشکردنی قەرزی دەستپێشخەری بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی دەروازەی ئور-ی حکومەتی عێراق کرایەوە.
سامی ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی قەرز لە بانکی خانووبەرە، بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، دەستپێکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی پلاتفۆڕمی ئورەوە دەبێت، کە بە شێوەی ئەلیکترۆنی داواکاری پێشکەش دەکرێت.
سامی ئەحمەد، گوتی: "بۆ ناو کۆمەڵگەکان راستەوخۆ لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەکەوە داواکاری پێشکەش دەکرێت بەپێی تەرخانکراوە بەردەستەکان و دوای لێکۆڵینەوە لە پابەندبوونە داراییەکانی بانک".
سەبارەت بە مەرجەکانی دەرەوەی کۆمەڵگەکان گوتی، دەبێت رووبەری یەکەی نیشتەجێبوونەکە لە 100 مەتری چوارگۆشە کەمتر نەبێت لەگەڵ کەفیلێک کە مووچەکەی لە دوو هێندەی قیستی مانگانە کەمتر نەبێت.
قیستەکە بڕەکەی 438 ھەزارە، بەبێ سوود لەگەڵ کرێی کارگێڕی بڕاو کە بڕەکەی ٪5ـە و تەنیا یەکجار دەبڕدرێت، جگە لەوەش خانووەکە بۆ تەواوی ماوەی پێدانی قەرزەکە کە 20 ساڵە گڵدەدرێتەوە.
لە عێراق حەوت بانکی حکومیی هەن، کە بریتین لە بانکەکانی: رەشید، رافیدەین، پیشەسازیی، کشتوکاڵ، خانووبەرە، بازرگانی عێراقی و نەهرەینی ئیسلامی.
سۆران عومەر، ئەندامی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 17-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو قەرزە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە لقی ئەو بانکە حکومییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان نییە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا پێدانی قەرزەکانی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە دەبێت ژمارەیەک یاسا هەموار بکرێنەوە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش لەو قەزانە سوومەند بن. ئەمە وێڕای ئەوەی پێویستە لقەکانی بانکە حکومییەکانی وەک رەشید و رافیدەین و بانکەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان بکرێنەوە، تاوەکو ئەو بانکانە قەرز بدەن.
شێروان دووبەردانی، کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستانە ئاماژەی بەوە دا لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەوڵەکانیان خستووەگەڕ بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانە، تاوەکو ئەو قەرزانە هەرێمی کوردستانیش بگرنەوە.