سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئامادە نییە بچێتە پەرلەمان

ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، لیژنەکەیان سێ جار بانگهێشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای کردوو، بەڵام ئامادە نەبووە. 
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 17-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی لیژنەکەیان سێ جار بانگهێشتی ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای کردووە بۆ ئەوەی لە لیژنەکەیان ئامادەبێت، ئامادە نەبووە، بۆیە لیژنەکەیان  رێکاری پێویستی بەرامبەر دەگرێتەبەر. 
 
رۆژی 10-03-2025  خالید حەسەن سامەڕائی، سەرۆکی لیژنەکەیان نووسراوی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری/ سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتی کرد، تێیدا داوایکرد رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بگرنەبەر. 
 
بە گوێرەی نووسراوەکە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەحمەد یونس مستەفا حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ناوی دکتۆر واژۆی لەسەر نووسراوەکانی ئەنجوومەنەکە کردووە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە عێراق بڕوانامەی شەشی ئامادەیی لقی وێژەیی هەیە و لە زانکۆیەکی ئۆکراینا بڕوانامەی پزیشکی ددانی بەدەستهێناوە، بە گوێرەی نووسراوی سەرۆکایەتیی زانکۆی موسڵ بڕوانامەکەشی لە نێوخۆی عێراقدا هاوسەنگ نەکراوە.
 
قوسەی ئەحمەدی، سەرۆکی زانکۆی موسڵ، رۆژی 12-11-2024 بە فەرمانێکی زانکۆیی کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رەتیکردووەتەوە هاوسەنگی بۆ بڕوانامەکەی ئەحمەد حاسوود بکرێت.
 
بەگوێرەی نووسراوەکە، سەرۆکی زانکۆی موسڵ کردنەوەی دۆسیەی خوێندنی ئەحمەد حاسوود لە زانکۆی ئۆکراینای هەڵوشاندووەتەوە بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی هاوسەنگی بڕوانامەکەی بۆ بکرێت، چونکە ناوبراو بڕوانامەی شەشی ئامادەیی بەشی وێژەیی هەیە.
 
رۆژی 5ـی ئاداری 2025 بەبێ ئامادەبوونى ئەحمەد حاسوود، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەنگیان لەسەر لادانى دا لە پۆستەکەى. ئەویش لە دادگەی کارگێڕی سکاڵای تۆمارکرد. 
 
رۆژی یەکشەممە، 09-03-2025، دادگەی کارگێڕیی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای راگرت، تاوەکو کەیسەکەی لە دادگە یەکلادەبێتەوە.