چەکوشەکەی پەرلەمانى عێراق سوننەکانى پەرت کرد و دۆستەکانى کرد بە نەیار

رووداو دیجیتاڵ

پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق سوننەکان دەکات بە چەند بەرەیەک، خەنجەر و حەلبووسی لە دۆستەوە دەکاتە نەیار. پارتى تەقەدوومیش دەیەوێت پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان هەموار بکرێت بۆ گەرەنیتکردنى بەربژێرەکەى، لەکاتێکدا دوو سکاڵا لەسەر ئەو پرسە لە دادگەى فیدراڵین.   
 
زیاتر لە پێنج مانگە کورسی سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، کە پشکى سوننەکانە، ئێستا بەدەست کوردێکى نزیک لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەوەیە.   
 
لە 14ـی تشرینى دووەمى 2023، بە بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پارتى تەقەدووم، لە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان لادرا و ئەندامێتیشی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە.
 
رکابەرى لەسەر ئەو پۆستە، سوننەکانى کردووە بە دوو بەرەوە، بەرەیەکیان محەممەد حەلبووسی-یە و بەرەکەى دیکەش هێزە سوننەکانى دیکەن. ئەو رکابەرییە لەسەر کورسی سەرۆکى پەرلەمان وایکرد؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیی سەروەرى، لە هاوپەیمانى حەلبووسییەوە ببێتە نەیارى.
 
خەمیس خەنجەر، لەنێو بەرەکەى دژ بە حەلبووسی-یە کە فراکسیۆنەکانى سەروەرى، عەزم، حەسم و چەند پەرلەمانتارێکى دیکەن و لە 3ـی ئادارى 2024 رێککەوتن کە بە فەرمى داوا لە چوارچێوەى هاوئاهەنگیی شیعە بکەن سەرۆکى پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
 
لە کۆبوونەوەیەکى پەرلەمانى عێراق لە 14ـی 1ـی 2024، سالم عیساوى لەگەڵ شەعلان کرەیم، بەربژێرى پارتى تەقەدووم رکابەرى کرد، لەگەڕى یەکەم رکابەرییەکە یەکلایی نەبووەوە و چوونە گەڕى دووەم، بەڵام رکابەرییەکە راگیرا و موحسین مەندەلاوى کە لە برى سەرۆکى پەرلەمان ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات کۆوبونەوەکەى بۆ کاتێکى نادیار دواخست.
 
عەبدولرەحیم شمەرى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى عەقدى وەتەنى لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق لە رادیۆی رووداو گوتى "هێزە سوننەکان بە دوو بەرە کاردەکەن، بەرەیەکیان دەیەوێت کۆبوونەوەکەى پێشووى پەرلەمان بەردەوام بێت و لەو شوێنەوە دەستپێبکاتەوە کە وەستاوە، بەرەی محەممەد حەلبووسیش دەیانەوێت پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان هەموار بکرێتەوە، چونکە پێیان وایە شەعلان کرەیم وەک بەربژێر بێهێز بووە و لەدواى هەموارەکە مافیان دەبێت کەسێکى نوێ لە تەقەدووم بەربژێر بکەن".
 
عەبدولڕەحیم شمەرى کە لە پێکهاتەى سوننەى نەینەوایە، گوتى "بڕیار بوو لەدوایین کۆبوونەوەى پەرلەماندا ئەو هەموارە بکرێت کە تایبەتە بە خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، بەڵام کێشە دروست بوو و بەهۆیەوە کۆبوونەوەکە هەڵگیرا، بە بڕواى من ئەمە درێژە دەکێشێت و دەکەوێتە دواى جەژنى رەمەزان".
 
زیاتر لە چوار جار کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک دواخراوە؛ هەر جارەو بە پاساوێک بووە.
 
لە 28ـی شوبات، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکی رەتکردەوە، کە دژی خۆبەربژێرکردنى شەعلان کرەیم، بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان تۆمار کرابوو، رەتکردنەوەکە بە پاساوى ئەوە بوو؛ لە تایبەتمەندیى دادگەکەدا نییە.
 
یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس کە سێ پەرلەمانتارى شیعەن لە دادگەى فیدراڵى سکاڵایەکیان لە دژى شەعلان کرەیم تۆمار کردووە، تێیدا دەڵێن "دەبێت ئەندامیێتیى پەرلەمانى لێ وەربگیرێتەوە." دژە سکاڵایەکى دیکە هەیە لەلایەن هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد مەزهەر ئەندامانى فراکسیۆنى تەقەدووم پێشکێشکراوە لەدژى راگرتنى گەڕى دووەمى دەنگدانى کۆبوونەوەکەى 14ـی کانوونى دووەم لە پەرلەمان، هەردوو کۆبوونەوەى دادگەى فیدراڵى لەسەر ئەو سکاڵایە لەیەک رۆژدان کە یەکى نیسانە.
 
عەبدولرەحیم شمەرى گوتى "کێشەکە لە سەرکردایەتیى سوننەدایە، هەندێکیان جێگەى متمانەى جەماوەر و پەرلەمانتارەکانیشیان نین."
 
هەفتەى رابردوو، خالید عوبێدى، مەحموود مەشهەدانى، تەڵال زەوبەعی، محەممەد نوورى لە سەروەرى و عەزم جیابوونەوە و رایانگەیاند، فراکسیۆنێکى نوێ دروست دەکەن و نیهال شمەرى، ئەندامى فراکسیۆنى تەقەدووم چووە فراکسیۆنى عەزم کە موسەننا سامەڕایی سەرۆکایەتى دەکات.