پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژێردرا

رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، پارێزگاری نوێی هەڵبژارد.
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین رۆژی یەکشەممە 17ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کۆبووەوە و بە 13 دەنگ، بەدر مەحموود فەحلی وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژارد. 
 
14 کەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین بەربژێرکردبوو، یەکێکیان پێش دەنگدانەکە کشایەوە و بەربژێرەکانی دیکە هیچ دەنگێکیان نەهێناوە. 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکدێت؛ تەنیا یەک ئەندامی کوردە کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. 
 
ئێستا تەنیا هەردوو پارێزگاری کەرکووک و دیالە ماون هەڵبژێردرێن، بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە تائێستا پارێزگاری ئەو دوو پارێزگایە هەڵنەبژێردراون.
 
14ـی ئادارى 2024 ئەحمەد جبوورى، ئەمیندارى گشتیى پارتى جەماوەرى نیشتمانیی سوننەکان بە فەرمى بەربژێرکردنى بەدر مەحموود فەحلى بۆ پۆستى پارێزگارى سەلاحەدین راگەیاند.
 
بەدر مەحموود فەحل، ئەندامى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریى عێراقە و لە خوولى پێشووى پەرلەمانى عێراقدا لە پشکى سەلاحەدین پەرلەمانتار بوو.

 

رۆژی 4ـی شوباتی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەحمەد جبووری بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژارد، بەڵام سەرۆککۆمار ئامادە نەبوو مەرسوومى کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی بۆ دەربکات بە پاساوى ئەوەى کۆتوبەندی تاوانی لەسەرە.