عامری بەربژێرەکەی بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە کشاندەوە؛ لەدایکبووی 1996 بوو
رووداو دیجیتاڵ
قەیرانی دیاریکردنی پارێزگاری نوێی دیالە گەڕایەوە خاڵی سفر، هادی عامری بەربژێرکردنی کوڕەکەی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە کشاندەوە.
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، ئەمڕۆ (شەممە، 17ـی شوباتی 2024) نووسراوێکی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ناردووە، تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی 15ـی شوباتی 2024، نووسراوێکی لەبارەی بەربژێرکردنی محەممەد جاسم عمێری بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە ناردووە، وەک بەربژێری یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی ئەو پارێزگایە کە بە باشترین چارەسەری زانیوە.
بەڵام وەک هادی عامری دەڵێت "بەداخەوە، رووبەڕووی کێشەی تەمەنی یاسایی بووەتەوە، کە بەپێی یاسا، ئەوەی دەبێتە پارێزگار پێویستە 30 ساڵی تەواو کردبێت، بۆیە بڕیاریاندا بەربژێرکردنی بەڕێز محەممەد عمێری بۆ ئەو پۆستە بکێشننەوە."
ترکی جەدعان، سەرۆکی بەتەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەیەکی یاسایی لە تەمەنی محەممەد عمێری هەیە، کە لەدایکبووی ساڵی 1996ـە، لەکاتێکدا مەرجی یاسایی زیاتر لە 30 ساڵە، بە هەمان شێوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، "بۆیە تائێستا ئەو کێشەیە هەیە و ئەنجوومەنی پارێزگاکە رێکنەکەوتووین، بەڵام دانوستاندنەکان بەردەوامن."
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 کورسی پێکهاتووە؛ کورد یەک کورسی، شیعە حەوت کورسی و سوننە حەوت کورسیان هێناوە.
موسەننا تەمیمی، پارێزگاری دیالە سەر بە رێکخراوی بەدرە بەسەرۆکایەتیی هادی عامری؛ بەشێکی لایەنە شیعەکان دژی ئەوەن جارێکی دیکە ببێتەوە پارێزگار، بەتایبەتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق. ئەوەش وایکرد، تائێستا ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە سەرۆکی ئەنجوومەن، جێگر و پارێزگار و جێگیرانی هەڵنەبژێرێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، هادی عامری سازشی لەسەر تەمیمی کردبوو و محەممەد جاسم عمێری، کوڕی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقی بەربژێر کردبوو.
لە کاردانەوەی دیاریکردنی محەممەد جاسم عمێری لەلایەن هادی عامرییەوە، لایەنگرانی موسەننا تەمیمی پارێزگاری دیالە دەستیان بە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی کردووە دژی دەستپێشخەرییەکەی هادی عامری وەستاونەتەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە، جگە لە تەمیمی بە هیچ کەسێکی دیکە رازی نابن ببێتە پارێزگار.