255 بەربژێرى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دوورخراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

255 بەربژێرى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دوورخراونەتەوە، کە 197ـیان بەهۆى پەیوەندییان بە حیزبى بەعسەوە بووە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ (دووشەممە، 16-10-2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تاوەکو 15ـی تشرینى یەکەم 255 بەربژێرى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دوورخراونەتەوە.
 
عیماد جەمیل گوتیشى، "197 بەربژێر لەلایەن دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرییەوە دوورخراونەتەوە؛ 56 کەسیشیان بەهۆى دۆسییەى تاوانکارى؛ یەک بەربژێر بەهۆى گەندەڵى و بەربژێرێکى دیکەش بەهۆى دۆسیەى تیرۆرەوە دوورخراونەتەوە."
 
دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى، وردبینى لە دۆسیەى بەربژێرانى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەکات بۆ زانینى پەیوەندى بە حیزبى بەعس و بەرپرسیاریێتییەکەى لەو حیزبە، کە رێگرە لە خۆبەربژێرکردنى بۆ هەڵبژاردنەکان.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، لەم هەفتەیەدا دۆسیەى بەربژێرانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان یەکلایی دەکرێتەوە.
 
یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت؛ یەکەمجاریشه لەدواى 18 ساڵ هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.
 
38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن؛ 70 بەربژێرى سەربەخۆ و زیاتر لە شەش هەزار بەربژێرى دیکە لەنێو لیستى هاوپەیمانێتى و پارتەکاندا خۆیان بەربژێر کردووە.