سوودانى: 60 بارهەڵگر کەرەستە و ئامێرى دزراوى پاوڵاگەیەک لە هەرێمى کوردستانەوە گەڕێندرانەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند؛ 60 بارهەڵگر و کەرەستە و ئامێرى دزراوى پاڵاوگەى بێجى لە هەرێمى کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە، کە نرخەکەیان ملیۆنان دۆلارە و دروستکردنیان پێویستى بە دوو بۆ سێ ساڵە.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، چەند ئامێر و کەرەستەیەکى "دزراو"ـى پاوڵاگەى بێجى گەڕێندراونەتەوە، کە لە کاتى دەستگرتن بەسەریدا لەلایەن داعشەوە، "دزراون" و گواستراونەتەوە بۆ هەرێمى کوردستان.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە گوتەیەکدا لەو پاڵاوگەیە کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16ـی ئاب) سەردانى کردبوو، گەڕاندنەوەى ئەو کەرەستە و ئامێرانەى راگەیاند.
 
محەممەد شیاع سوودانى گوتى "لەدواى هەوڵى چەند لایەنێکى فەرمى و نافەرمى، توانرا چەند کەرەستە و ئامێرێکى دزراوى پاڵاوگەى بێجى بگەڕێندرێنەوە و هەوڵەکە لە هاووڵاتییەکەوە دەستپێکرد، کە تائێستا نازانین سەرپشک بین لەناوهێنانى، کە ئامادەیی دەربڕی بەوەى ئەو کەرەستانە رادەست بکاتەوە، تائێستاش 60 بارهەڵگرە و ئەگەر هەیە بگاتە 100 بارهەڵگر. ئامێر و کەرەستەکان گرنگن و بەهایان ملیۆنان دۆلارە و بۆ داواکاریی دروستکردنیان، دوو بۆ سێ ساڵی دەوێت".
 
محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەى بەوەدا، هێزە ئەمنییەکان ئاسانکارییان کردووە لە گەیشتنى ئەو ئامێر و کەرەستانە لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ پاڵاوگەکە. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرسی ئەمنى لە سەڵاحەددین کە لەبەر هەستیاریى بەرپرسیارێتییەکەى نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو کەرەستە و ئامێرانەى پاڵاوگەى بێجى لە ساڵى 2015 و لەکاتى کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو قەزایە لەلایەن بازرگانێکى هەرێمى کوردستانەوە لە گرووپە چەکدارەکان کڕدراونەتەوە، بەڵام بەکارینەهێناون.
 
لە ساڵى 2014 رێکخراوى داعش قەزاى بێجى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدینی کۆنترۆڵ کرد و لە 21ـی تشرینى یەکەمى 2015 هێزە ئەمنییەکان قەزاکەیان لە دەستى ئەو رێکخراوە رزگارکرد. 
 
پاڵاوگەى بێجى لە ساڵى 1978 دروستکراوە و رۆژانە تواناى هەیە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت و بیکاتە بەرهەمى نەوتی و سووتەمەنى.