دەستەی دەستپاکیی عێراق: 1300 خانووبەرەمان بۆ دەوڵەت گەڕاندەوە
رووداو-هەولێر
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە هەزار و 300 خانووبەرەیان بۆ دەوڵەت گەڕاندەوە، کە زێدەڕۆیی کرابووە سەریان.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 16/8/2022، ئەنجامی کارەکانی لیژنەی فەرمانی دیوانیی ژمارە 50ی ساڵی 2019 تایبەتە بە خانووبەرەکانی دەوڵەت ئاشکرا کرد کە زێدەڕۆییان کراوەتەسەر.
دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لیژنەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەزار و 376 خانووبەرەی بۆ دەوڵەت گەڕاندەوە. هەروەها تاپۆکانیانی رادەستی ئەو دەزگایانە کردەوە کە خاوەنی ئەو خانووبەرانەن".
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە لیژنەی فەرمانی دیوانی بەردەوامە لە بەدواداچوونی بابەتەکە لەگەڵ فەرمانگەکانی تۆماری خانووبەرە، سەبارەت بە شەش هەزار خانووبەرە، کە چاوەڕوانی وەڵامی ئەو فەرمانگانەن بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ دەوڵەت. بە تێکراش 10 هەزار و 393 خانووبەرەی دەوڵەت لە عێراق تۆمارکراون، کە زێدەڕۆیی کراوەتە سەریان.