شەهید شیفا گەردی وەکو سیمبولی ئافرەتانی میدیاکار لە بەغدا ناسێندرا

رووداو - بەغدا

رێکخراوی میدیاکارانی ئافرەتانی عێراق رێوڕەسمێکی رێزلێنانی لەژێر ناوی خەڵاتی شەهید شیفا گەردی، میدیاکاری کورد لە شاری بەغدا سازکرد، لە رێوڕەسمەکەدا شەهید شیفا وەکو سیمبولی میدیاکاری ئافرەت ناسێنرا و، ژمارەیەک میدیاکار و رۆژنامەڤانی عێراقی خەڵاتیان پێبەخشرا.
 
نەبراس معماری، سەرپەرشتیاری رێکخراوی میدیاکارانی ئافرەتانی عێراقی رایگەیاند "هاوکارمان شەهید شیفا گەردی بە ژیانلەدەستدانی مێژوویەکی تۆمارکراوی بەجێهێشت، ئێمە زۆر شانازی پێوەدەکەین، وەکو ئافرەتێکی میدیاکاری عێراقی لێهاتوو و کارامە بوو. پێمان وایە لێهاتوویی شەهید شیفا لە کارەکەیدا پێشکەوتنێکی گەورەبوو بۆ ئافرەتانی عێراقی، بۆیەش ئێمە خەڵاتی رێزلێنانی شەهید شیفا گەردی، وەکو پاڵپشتییەک بۆ پێشخستنی کاری میدیایی ئافرەتان پێشکەش بە رۆژنامەنووسان دەکەین".

لەنێو دەزگاکانی راگەیاندنی عێراقی و کوردستانی، لە دوای تۆڕی میدیای عێراقی، تۆڕی میدیای رووداو بە پلەی دووەم وەکو باشترین تۆڕی میدیایی، بۆ رووماڵی شەڕی موسڵ دەستنیشانکرا.

عەلی روبەیعی، میدیاکار دەڵێ "ئەمە دەستپێشخەرییەکی باش بوو بۆ رێزلێنانی ئەو تۆڕە میدیایانەی توانیویانە بە باشی رووماڵی شەڕەکانی داعش بکەن. لەبەرەکانی شەڕدا، هەموو کەناڵە نیشتمانییەکان لەنێویاندا کەناڵی رووداو ئەو میدیا سەرکەوتووانە شایەنی خەڵاتی گەورەتریشن، چونکە رووماڵی پڕۆسەی شەڕەکان سەرەتایەک بوو بۆ کۆتاییهێنان بە داعش".

رۆژنامەڤانان حکومەتی عێراق بە کەمتەرخەم دەزانن لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژیان ئەنجامدەدرێت، داواش لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن سەردانی عێراق بکەن، بۆ جوڵاندنی کەیسی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە رۆژنامەڤانان ئەنجامدراون.

یاساکانی عێراق بەتایبەتی یاساکانی رۆژنامەنووسی بەگشتی، رێگە بە ئازادی کارکردنی رۆژنامەنووس دەدەن. دامودەزگا حکومییەکان دەبێت هاوکار بن لە پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنووسان، هاوکات پێویستە لەسەر هێزە ئەمنییەکان بەباشی پاسەوانی لە رۆژنامەنووسان بکەن و ژیانیان لەمەترسی بپارێزن، تاوەکو رۆژنامەنووسان بتوانن زانیارییەکانیان بە رای گشتی بگەیەنن.

بەگشتی لە وڵاتانی جیهاندا رۆژنامەنووسان رووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە و، ئەرکە لەسەر دەوڵەت پارێزگارییان لێبکات. لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ساڵی 2017 لە عێراق زیاتر لە 400 رۆژنامەڤان بەهۆی کارەکەیانەوە گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش 36 کەسیان ئافرەت بوون.
 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار