لە پارێزگای موسەننا دەست بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی حەبی کاپتاگۆندا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای موسەننای عێراق دەستیان بەسەر کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کاپتاگۆن و بڕێکی زۆر لە حەبەکەدا گرت. سەعد مەعن، بەرپرسی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمەی بە سەرکەوتنی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان ناوبرد.
سەعد مەعن لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەبەردەم ئەو کارگەیە و حەبەکان دەردەکەوێت و دەڵێت، "هەندێک کەس هەوڵدەدەن کارگەی دروستکردنی حەبەکە بێننە نێو عێراق؛ دەشزانین زۆربەی ئەو حەبانە لە دەرەوەی عێراقەوە دەهێنرێن."
ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئەوەشی گوت کە "کارگەکە ئامادەبووە حەبی کاپتاگۆن دروستبکات و مۆری تایبەتی مادە هۆشبەرەکەشی لێ بدات."
سەعد مەعن دەڵێت، "شەڕی عێراق دژی مادە هۆشبەرەکان ئەنجامی ئەرێنی هەبووە. هەوڵی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لەم رۆژانەی دواییدا ئەنجامی سەربەرزانەی بەدەستهێناوە، ئەویش دوای دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر لە مادەی هۆشبەر و دەستگیرکردنی چەند گەورە بازرگانێک."
رۆژی 14ى تەممووزى 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى ماددە هۆشبەرەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى باندێکى بازرگانیی بە مادەى هۆشبەرى لە پارێزگاى موسەننا راگەیاند، کە دوو ملیۆن حەبی هۆشبەری کاپتاگۆنیان پێ ببوو.
کاپتاگۆن مادەیەکی وزەبەخشە و لە شەڕی داعشدا لەلایەن چەکدارانەوە بەکاردەهێنرا. حەبەکە هێزێکی جەستەیی رادەبەدەر و توانای مانەوە بە چالاکی و بێ خەوتن بۆ ماوەی زیاتر لە سێ رۆژ دەداتە بەکاربەرەکەی.
نزیکەی 80٪ی ماددە هۆشبەرەکە لە سووریا بەرهەمدێت و بە تورکیا، سووریا، عێراق، ئوردن، لوبنان و سعودیە بڵاوبووەتەوە.
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى ماددەى هۆشبەری عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخی بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.