هێزە شیعەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبنە دوو بەشەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بابەتی هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەمانى عێراق هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەکات بە دوو بەشەوە. نوورى مالیکى پاڵپشتی لە ئەنجامدانی دەکات و حەیدەر عەبادى دژیەتی. بەگوتەى سەرکردەیەکى ئەو هاوپەیمانێتییە، نەویستراوە ئەو بابەتە ببنە کۆبوونەوەکان، نەوەک لەبرى چارەسەر کێشەى دیکە دروست بکات.
 
تەمەنى حکومەتى ئێستای عێراق لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە، لەکاتێکدا تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمان زیاتر لە دوو ساڵ و نیوى تێپەڕاندووە.
 
مشتومڕەکان لەبارەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت پەیوەندارن بە بەڵێنێک کە لەکارنامەى حکومەتدا هاتووە، کاتێک لە 27ى تشرینى یەکەمى 2022 لە پەرمان دەنگى لەسەردرا.
 
یەکێک لە بڕگەکانى کارنامەکە ئەوەیە، دەبێت هەموارى یاسای هەڵبژاردن بکرێت و لە ساڵێکدا هەڵبژاردنى پێشوەخت بکرێت؛ هەموارەکە کراوە و چارەنووسی هەڵبژاردنە پێشوەختەکە دیار نییە.
 
نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا دەڵێت: "لە چەند رۆژى رابردوودا قسە و باس لەبارەی هەڵبژاردنى پێشوەخت زۆر کراوە، وەک ئەوەى لە کارنامەى حکومەتدا هاتووە. بۆ ئەو هەڵبژاردنە پێویست بەوە ناکات پەرلەمان خۆى هەڵبوەشێنیتەوە، بەو پێیەى بەربەست نییە. من پاڵپشتى لە هەڵبژاردنى پێشوەخت دەکەم".
 
ئەو پاڵپشتیە بۆ هەندێک لە پێکهێنەرانى دیکەى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى جێگەى ناڕەزاییە.
 
هاوپەیمانیى نەسر کە حەیدەر عەبادر سەرۆکایەتى دەکات و رەوتى حیکمە تێیدا بەشدارە، 13ى حوزەیران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کارى لەپێشینەی نیشتیمانى هەیە لەبرى هەڵبژاردنى پێشوەخت و "هیچ رێککەوتنێکى نیشتیمانى نییە لەسەر ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە و ئەرکى گرنگى دیکە هەیە کە دەبێت کاریان بۆ بکرێت".
 
ئەبومیساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ناکۆکى لەنێوان دەوڵەتى یاسا و نەسر هەیە لەبارەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە. نەسر پاڵپشتى مانەوە و بەردەوامى حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانى دەکات، بەڵام دەوڵەتى یاسا لەگەڵ ئەوەدا نییە". 
 
یەکەم کۆبوونەوەى ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق لە نۆى کانوونى دووەمى 2022 کرا، بەو جۆرە کۆتایی تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمان دەکەوێتە کانوونى دووەمى 2026.
 
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى زۆرینەى پەرلەمان و حکومەتى ئێستاى بەدەستەوەیە.
 
ئەبومیساق مەسارى گوتى: "ئەو پرسە لەنێو کۆبوونەوەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى باس ناکرێت، چونکە لەبرى چارسەر کێشەى دیکە دروست دەکات".
 
هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراق پێشوەختە بوو کە لە تشرینى یەکەمى 2021 کرا.
 
هاوکات، سەلام زوبەیدى، گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پێشوەخت رێککەوتنى سیاسى لەبارەوە نییە و ئەوەى لەو بارەیەوە دەگوترێت هەڵوێستى چەند لایەنێکى سیاسییە، نەوەک سەرجەم لایەنەکان". 
 
سەلام زوبەیدى گوتى: "لەنێو هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیدا رێککەوتن لەبارەی هەڵبژاردنى پێشوەخت نییە و دەبێت گرژى، ناکۆکى سیاسی و هەڵوێستى جەماوەری هەبێت کە وا بکەن هەڵبژاردن پێش بخرێت".
 
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە ساڵى 2021 دا رەوتى فوراتەین کە محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکایەتى دەکات دوو کورسی پەرلەمانى بەدەستهێنا. ئەو پارتە لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بەشداری نەکرد.
 
گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر گوتى: "رێز لە بۆچوونەکەى بەڕێز مالیکى دەگرین، بەڵام مەرج نییە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی پێوەی پابەند بن؛ ئەگەر هەیە داواکارى هەڵبژاردنى پێشوەختە هەوڵێک بێت بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونى سوودانى" .