نوێنەری سیستانی: مەرجەعییەت چاودێریی دۆخەکە دەکات و لەبارەی زۆر بابەت هۆشداری داوە


رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق هۆشداری دەدات و رایدەگەیێنێت، مەرجەعیەت ئامادەیە و چاودێریی دۆخەکە دەکات و لەبارەی زۆر بابەتی پەیوەست بە وڵات هۆشداری داوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/6/2022، ئەحمەد سافی، نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق لە گوتارێکدا کە لە فیستیڤاڵی شەشەمی رۆشنبیری، فتوای بەرگریی پیرۆز پێشکێشی کرد راگەیاند، "پێش فتوای جیهاد، عێراق بە قۆناخێکی زۆر سەخت تێدەپەڕی، بڕیاری جیهاد، مێژوویی و نیشتمانی و ئایینی بوو، وادەی فتواکەش سەرکەوتوو بوو".  
 
دوای ئەوەی داعش لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 کۆنترۆڵی شاری موسڵی کرد، دواتر فراوانخوازییەکانی نزیکەی 40٪ـی خاکی عێراقی گرتەوە و لە شاری بەغدا نزیک دەبووەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان فتوای جیهادی لە دژی داعش دەرکرد. 
 
ئەحمەد سافی، نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان جەخت لەوە دەکاتەوە: "هیچ توانایەک نەبوو، دۆخە بگرێتە دەست و گۆڕانکاری بکات، جگە لە فتوای جیهادی، کە چەتەکانی داعشی راگرت. پێویستە مێژووی لەنێوماندا ئامادەبێت". 
 
ئەحمەد سافی،  راشیگەیاند، "مەرجەعییەتی باڵا، ئامادەیە، چاودێریی دۆخەکە دەکات، هۆشداریداوە لەبارەی زۆری بابەتی پەیوەست بە وڵات". هاوکات هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەو ئومەتەی گوێیەکانی داخستووە، دەکەوێتە نێو زۆنگاوەوە، خەیاڵ دەکەن ئەوانەی پێیانوابێت فیتنە کۆتایی هاتووە". 
 
نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان گوتیشی، "فتوای جیهادکردن وزەی زۆری لە وڵات دەرخست و ریزەکانی یەکخست. هەر ئومەتێک ئیرادە لە دەست بدات، ناتوانێت بەرگری لە خۆشی بکات".