سوودانی دوای سەردانەکەی بۆ موسڵ یەکەم بڕیاری دا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای گەڕانەوەی لە موسڵ لە یەکەم بڕیاریدا نووسینگەی جێبەجێکردنی ئاوەدانکردنەوەی موسڵی دروستکردەوە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە 15-05-2023 بڕیاریدا بە دروستکردنەوەی نووسینگەی جێبەجێکردنی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ پێکهاتووە لە: راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری تەکنیکی، وەکو سەرۆکی لیژنە؛ پارێزگاری نەینەوا، بریکاری وەزارەتی دارایی، بریکاری وەزارەتی پلادانان و سەرۆکی زانکۆی موسڵ وەکو ئەندام و عەبدولقادر دەخیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و بڕیاردەر.
بڕیارەکەش لە رۆژی سێشەممە 16-05-2023وە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەمین فەنەش، قایمقامی موسڵ لە ناوەندی پارێزگای نەینەوا هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، ئەمە گرنگیدانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە موسڵ دووپاتدەکاتەوە، لە سەردانەکەیدا بەڵێنی دا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی موسڵ بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی. ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە مانگانە راپۆرت لەبارەی دۆخ و ئاوەدانکردنەوەی موسڵ بدرێتە سەرۆکوەزیران.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی هەینیی رابردوو سەردانی موسڵی کرد و سەردانەکەی دوو رۆژی خایاند، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی پارێزگاکە کۆبووەوە و چەندین پرۆژەی نوێی کردەوە و بەسەرکردەوە.
مانگی ئاداری 2021 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی عێراق بە سەرۆکایەتیی خۆی بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی باڵای ئاوەدانکردنەوەی موسڵی دا.