پێنج وەزیری عێراق بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لەگەڵ ژمارەیەک وەزیری کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی دەکات.
کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، پێنجشەممە 16-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەنێو پەرلەماندا هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر دەستیپێکردووە، "بەم نزیکانە لێپرسینەوە لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر دەکرێت، لەوانە: گواستنەوە، گەیاندن، بەرگری و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن."
رۆژی 14ی ئەم مانگە، ئەمینداری پەرلەمانی عێراق لەسەر بنەمای بڕیاری دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نووسراوی بۆ وەزیری نەوت و سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کرد بۆ لێپرسینەوە، بەڵام وادەکەی دیاری نەکراوە.
مستەفا خەلیل گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنی ئیشراقییەی کانوون داوای پرساندنی وەزیری نەوت دەکات. زوهێر شەهید فەتلاوی، لە فراکسیۆنی ئیشراقییەی کانوون، داوای پرساندنی سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن دەکات.
کاروان یاروەیس، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنە دەڵێت، لیژنەکەیان رێکارەکانی لێپرسینەوەی لەگەڵ وەزیری گەیاندن تەواوکردووە و بەم نزیکانە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
هەندێک لە وەزیرەکان رێکاری لێپرسینەوەیان تەواو بووە و هەندێکی دیکەیان لە قۆناخی کۆتایی دایە.
بە گوتەی کاروان یاروەیس، کە هاوکات بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، زۆربەیان "لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، سەرپێچی، بەهەدەردان و گومانی گەندەڵی" لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.