عەبادی: رێگەنادەین سوپای تورکیا بەشداری شەڕی موسڵ بکات
رووداو - بەغدا
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر بەشدارینەکردنی سوپای تورکیا لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ کردەوە و راشیگەیاند" ئەوان بەهیچ شێوەیەک داوایان نەکردووە سوپای تورکیا بێتە نێو خاکی عێراقەوە".
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنی تۆمارکراودا، رۆژی 15-10-2016 رایگەیاند "بەمزوانە حەویجە لەژێر دەستی داعش کۆنترۆڵ دەکەینەوە و هێزە عێراقییەکانیش بە تەنیا شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەکەن".
لەبارەی بەشداریکردنی هێزی تورکیا لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، عەبادی گوتی" بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین سوپای تورکیا بەشداری لە شەڕی موسڵ بکات، هەروەها هەبوونی ئەو هێزەی تورکیا لە باشیک نایاساییە".
لەبەرامبەر لێدوانی بەرپرسانی توركیا كە دەڵێن لەسەر داوای عێراق هێزیان رەوانەی عێراق كردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی "داوام نەکردووە سوپای تورکیا بێتە نێو خاکی عێراق و رێگەنادەین هیچ کەسێک ویستی خۆی بەسەرماندا بسەپێنێت".