پەروەردەى عێراق داوا دەکات مۆبایل لە چاودێرانى هۆڵەکانی تاقیکردنەوە وەربگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پەروەردەى عێراق رێنمایی دەداتە بەڕێوەبەرى ناوەندەکانى تاقیکردنەوە مۆبایل لە چاودێرانى هۆڵەکانى تاقیکردنەوە وەربگرن. خۆشیان مۆبایلى بێ کامێرا بەکاربهێنن.
ئەو رێنماییانە لە نووسراوێکى حوسێن لامى، بریکارى وەزارەتى پەروەردەى عێراق بۆ کاروبارى تەکنیکى هاتوون، کە ئاراستەى سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانى پەروەردە لە عێراق کراون.
نووسراوەکە ئەمڕۆ (15ـی ئایار) دەرکراوە، تێیدا هاتووە "دەبێت لە رۆژى تاقیکردنەوەکاندا سەرجەم ئامێرى تەلەفۆن (مۆبایل) لە چاودێران و یاریدەدەرەکان و سەرپەرشتیارانى ناوەندەکانى تاقیکردنەوە وەربگیرێت. ئەو ئامێرانە لەلایەن بەڕێوەبەرى ناوەندەکە لە تاقێکى داخراو بپارێزرێن تاوەکو کۆتایی تاقیکردنەوەکە."
بەگوێرەى نووسراوەکە؛ ئەو رێنماییە بۆ رێگرییە لە دیاردەى بڵاوکردنەوەى پرسیارى تاقیکردنەوەکان بە ماوەیەکى کەم دواى دەستپێکردنى تاقیکردنەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان روویداوە.
نەجوا کاکەیی، ئەندامى لیژنەى پەروەردەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو هەنگاوە بۆ رێگرییە لە دزەپێکردنى پرسیارەکان و جەختکردنەوەیە لە رێوشوێنێک کە پێشتر بڕیارى لێدراوە، رێگە نادرێت چاودێرانى تاقیکردنەوەکان مۆبایل ببەنە هۆڵى تاقیکردنەوە، بەڵام هەڵگرتنى لە تاقێکى داخراودا "هەنگاوێکى باشە."
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەڕێوەبەرى ناوەندى تاقیکردنەوەکە لە کاتى تاقیکردنەوەکاندا دەتوانێت مۆبایلى پێبێت بەو مەرجەى مۆبایلەکەی کامێرای نەبێت.
نەجوا کاکەیی دەڵێت "گرنگە بەڕێوەبەرى ناوەندەکە مۆبایلى پێبێت نەوەک کێشەیەک رووبدات، بۆ ئەوەى بتوانێت پەیوەندى بە لایەنى پەیوەندارەوە بکات."
حوسێن لامى، هاوکات سەرۆکى لێژنەى هەمیشەیی تاقیکردنەوە گشتییەکانە، ئاماژەى بەوەداوە هەر کەسێک پابەندی ئەو رێنماییانە نەبێت، سزا دەدرێت، لەوانە بێبەشکردنى لە وەرگرتنى پۆستى بەڕێوەبەرى قوتابخانە و ناوەندى تاقیکردنەوە، یان لانیکەم بەرزە مووچەى بۆ ساڵێک دەوەستێت.
ئەو رێنماییە لە دواى هەفتەیەک بوو لە دەستپێکردنى تاقیکردنەوەکانى ناوەندیى و ئامادەیی لە 9ـی ئایاردا.