مامۆستایەکی زانکۆی موسڵ لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل لە کچە خوێندکارێک دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، مامۆستایەکی کۆلێژی یاسا لە زانکۆی موسڵ لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل لە کچە خوێندکارێک دەستگیرکراوە.
رۆژی دووشەممە 15-05-2023، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکیی نەینەوا پاش بەدواداچوونی ورد و چاودێری لە گەڕەکی حەدبا لە موسڵ، مامۆستایەکی کۆلێژی یاسایان لە زانکۆی موسڵ لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل لە کچە خوێندکارێکی ماستەر دەستگیرکردووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، مامۆستاکە لە بەرامبەر راپۆرتێک بۆ کچە خوێندکارێکی ماستەر داوای 500 دۆلاری کردووە. دەستەکە لەکاتی وەرگرتنی پارەکە مامۆستاکەیان گرتووە.
دادوەری لێکۆڵینەوەی نەینەوا تایبەت بەدۆسیەی گەندەڵی بەپێی مادەی 160ی ساڵی 1983 مامۆستاکەی گرتووە و دۆسیەکەی رەوانەی دادگە کردووە.