نەوتى گەیارە دەگەیێندرێتە بەسرە

رووداو دیجیتاڵ

 

بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوتى کێڵگەکانى گەیارە لە نەینەوا دەستپێدەکاتەوە، دواى نزیکەى سێ ساڵ لە راوەستانى، ئەوە لەکاتێکدایە کارەکانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر تێچووى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەکەى کۆتایی نەهاتووە.
 
ماوەى هەفتەیەکە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوتى کێڵگەکانی نەوت لە سنووری گەیارەى پارێزگاى نەینەوا دەستى پێکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەى لە ساڵى 2020 راگیرا.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى نەوتى عێراق، بەرهەمهێنانى نەوت لە گەیارە بە قەبارەی 33 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا؛ 30 هەزار بەرمیل نەوتى بۆ هەناردەکردنە و سێ هەزار بەرمیلەکەى دیکەى بۆ پاوڵاگەى نێوخۆیی دەبێت.
 
نەهرۆ رواندزى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە، 15-5-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "نەوتى گەیارە بە تەنکەر دەگوێزرێتەوە بۆ بەسرە و لەوێوە هەناردەى دەرەوە دەکرێت؛ چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمهێنانى کێڵگەکانى بگاتە 50 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا".
 
نزیکەى پەنجا بیرە نەوت لە سنووری گەیارە هەن. 
 
لە ساڵى 2010 وەزارەتى نەوتى عێراق گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیاى سۆن ئەنگۆل واژۆکرد بۆ بەرهەمھێنانى نەوت لە کێڵگەکانى نەوتى گەیارە، بەڵام دواتر کارەکانى راگرت.
 
دەستپێکردنەوەى بەرهەمهێنان و هەناردەى نەوتى کێڵگەکانى نەوت لە گەیارە لەکاتێکدایە پێشتر لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لەسەر زۆرى تێچووى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوتى ئەو کێڵگانە پێکهێنابوو.

 

نەهرۆ زواندزى رایگەیاند، هێشتا لیژنەى لێکۆڵینەوە لە کارەکانی بەردەوامە و نەگەیشتووەتە ئەنجامى کۆتایی.