عێراق و بەریتانیا لەسەر هەڵسەنگاندنی توانای دووبارە پەرەپێدانی 4 کێڵگەی نەوتی کەرکووک رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەی لێکتگەیشتن بۆ جێبەجێکردنی هەڵسەنگاندنی توانای دووبارە پەرەپێدانی تەواوەتی هەر چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە 15-01-2025 بڵاویکردووەتەوە، لە رێوڕەسمەکەدا حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئامادە بوو. عامر خەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە عێراق و زەید یاسری، بەڕێوەبەری لقی کۆمپانیای عێراقی بریتیش پیترۆڵیەم واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کرد.
بەگوێرەی یاداشتەکە، شیاندنەوە و پەرەپێدانی هەر چوار کێڵگە نەوتییەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەدرێتە کۆمپانیای بریتش پیترۆڵیەم BPـی بەریتانی، "ئەوەش بۆ زیادکردنی بەرهەم و گەیشتن بە باشترین تێکڕای بەرهەمی نەوت و گاز."
كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك كە بریتین لە (بای حەسەن، ئاڤانا، بابە گوڕگوڕ، جەمبوور و خەبازە) ئێستا لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوور سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن.
رۆژی 1ی ئابی 2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نەوتیی گشتگیری لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی بی پی کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەرکووک.
یاداشتەکە لەلایەن حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت بە نوێنەرایەتیی عێراق و مورای ئۆشینکڵۆس، سەرۆکی جێبەجێکار و نوێنەری کۆمپانیاکە واژۆکرا.
پێش ئەوەی سوودانی سەردانی بەریتانیا بکات، بەرەبەیانیی دووشەممە 13-01-2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەپێی مادەی 140 دەستوری عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکومەتی فیدراڵی پابەند کراوە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات. چ پێش ئەم رێککەوتە و چ لەو 20 ساڵەی رابردوودا سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایەنە نەوت و گازی ئەو ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی مادەی 140 داواکاری رەوای ئەو ناوچانە دەکات."
حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات: "هەردوو مادەی 110 و 115ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی رەها و تاکلایەنە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات. هەروەها مادەی 112 ئاماژە دەدات حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشتر دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەری هەن. هەروەها بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگانەی پێشتر دۆزراونەتەوە (کۆنەکان) رێکبکەوێت."
لە راگەیێندراوەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لە بەرپرسیارێتییەکانی بەغدا دەکات و دەڵێت، "حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم رێککەوتنانە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی بەردەوام لە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی دزیوەتەوە. ئێستا حکومەتی فیدراڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت."
لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی عێراقی پێ تۆمەتبار دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "حکومەتی هەرێم بە مافی دەستووریی خۆی دەزانێت بە هەموو رێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێ، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک."