کورتەباڵایەکی سلێمانی خەڵاتی باڵیۆزی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە بەغدا وەردەگرێت

عومەر جەبار، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی هەرێمی کوردستان
 
رووداو هەولێر

سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا خەڵاتی "باڵیۆزی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە کوردستانی عێراق - سلێمانی" وەرگرت.
 
رۆژی سێشەممە 14-12-2021، عومەر جەبار، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەنیا من خەڵات نەکراوم، خەڵکانی دیکەش خەڵات کران، بەڵام من جیاوازتر بوو لەوان و یەکەم کەسیش بووم خەڵات کرام".
 
خەڵاتکردنەکە لە شاری بەغدا و لە رێوڕەسمێکدا بووە، کە لەلایەن رێکخراوی کۆمکاری رێکخراوەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەتەوە لە عێراق سەرپەرشتی کراوە، تێیدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، راوێژکارێکی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزرانی عێراق و چەندین بەرپرسی عێراق بەشدارییان کردووە.
 
عومەر جەبار گوتیشی، "رێوڕەسمەکە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستیی تایبەتەوە رێکخرابوو". 
 
لەگەڵ عومەر کورتەباڵا، کورتەباڵایەکی دیکەش لە دهۆک بەناوی وەحید سەعید کە لەدایکبووی 1986ـە و فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆکە، خەڵاتەکەی پێبەخشراوە. 

وەحید سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی دهۆکە و ئەندامی فیدراسیۆنی کورتەباڵاکانی جیهانە.