لە کەرکووک 290 سوودمەندی چاودێریی کۆمەڵایەتی کرانە پۆلیس و مووچەکانیان بەرز کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک 290 سوودمەندی چاودێریی کۆمەڵایەتی بوونە پۆلیس و مووچەکانیان لە 200 هەزارەوە بۆ 650 هەزار دینار بەرزکرایەوە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، رێوڕەسمی دەرچوونی ئەو پۆلیسە نوێیانە یە کە ناویان لە بیمەی بێکاریی چاودێری کۆمەڵایەتیی کەرکووک تۆمار کرابوو، ئێستا خراونەتە سەر وەزارەتی ناوخۆی عێراق.
خانەوادەی مستەفا بە هەڵ هەڵە و چەپڵەلێدان خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕن بەوەی کە مووچەی کوڕەکەیان لە 200 هەزار دیناری چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە بۆ 650 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
مستەفا یاسین دەرچووی نوێیە و دەڵێت: "بێگومان لە مووچەی چاودێری باشترە کە 200 هەزار دینار بوو. ئێمە خێزانێکی گەورە بووین و سێ منداڵم هەیە. لەبەیانییەوە تا ئێوارە کارم دەکرد و فریا نەدەکەوتم. هەستەکەمان وەسف ناکرێت و دڵی خێزان و خانەوادەمان خۆش کرد."
پێشتر ئەم پۆلیسانە لەبەر بێکاری و هەژاری، مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیان بۆ بەسترا بوو. بەبڕیاری حکومەتی عێراق لە ریزەکانی وەزارەتی ناوخۆ دامەزرێنران.
ئەحمەد یەحیا بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی دەڵێت: "پێشنیازی وەزیری ناوخۆ بوو بۆ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەویش رازی بوو لەسەر ئەم پرسە. سوپاسی رۆلی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەکەین لە تەواوکردنی مامەڵەکانیان و پشت بەخوا قۆناخی دیکەش هەیە بۆ تەمەنێکی دیاریکراو."
ئەم بڕیارە 15 پارێزگای عێراقی گرتووەتەوە. دوای 45 رۆژ مەشقکردن، خولی یەکەمیان کۆتایی هات و دوای بینینی خولێکی دیکە، ئەرکی ئەمنییان پێ دەسپێردرێت.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت: "دوو مانگی دیکە خولێکی دیاریکردنی جۆری دەکرێتەوە و بەشداری لەو خولەش دەکەن و فێردەکرێن هەرکەسەو بەپێی پێگەی خۆی لە ریزەکانی پۆلیس، بەرگری و فریاکەوتن، هاتووچۆ دابەش دەکرێن."
ئەو 290 پۆلیسەی دامەزراون مووچەی چاودێریی خێزانەکانیان دەبڕدرێت و لە بری ئەوان ناوی کەسانی دیکەی هەژار و کەمدەرامەت تۆمار دەکرێت.