سەدر لەبارەی کاردانەوەکان دژی گشتپرسی: ئەوەی بەغدا دەیکات شەرمنانەیە
رووداو - هەولێر
رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی کاردانەوەکانی بەغدا دژی گشتپرسیی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت: "ئەوەی حکومەت عێراق کردوویەتی هەنگاوێکی شەرمنانەیە".
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، سەبارەت بە داواکاریی لەکارلادانی فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق و دانانی کەسێکی دیکە لە شوێنەکەیدا رایگەیاند: "ئەمە جۆرێکە لە جۆرەکانی گوشار، لەگەڵ ئەوەی بە سەرکەوتووی نازانم و سوودی نابێت، راستیش نییە بۆ ئێستا".
سەبارەت بە هەڵوێست و کاردانەوەکانی حکومەتی عێراق دژی گشتپرسی باشووری کوردستان و یەکێتیی خاکی عێراق، رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت "ئەوەی حکومەت عێراق کردوویەتی هەنگاوێکی شەرمنانەیە بۆ پاراستنی خاک و گەلی عێراق".
سەدر هیواخوازیشە "کورد لە گشتپرسییەکەی پەشیمانبێتەوە و بە بەندەکانی دەستوور پابەندبێت و خۆیان و عێراق نەخەنە فیتنەیەکەوە کە دەرچوونی نەبێت".
ئەو رایەی رێبەری رەوتی سەدر لە وەڵامی پرسیارێکی لایەنگرانیدا هاتووە کە داوایان لێکردووە رای خۆیان پێبڵێت و بۆیان نووسیووە: سەبارەت بە داوای هەندێک لەوانەی لەسەر دەسەڵات هەژمارن و داوای لەکارلادانی فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق دەکەن و دەڵێن ئەوانەی عێراقیان بەمڕۆ گەیاند، کە مەبەستیان نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراقە، بخرێتە شوێنەکەی، رای تۆ چییە؟
پێداچووبەوە: دەرباز ساڵح