پەرلەمانی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی پارێزگاری کەرکووکی پەسندکرد
رووداو - بەغدا
سەرەڕای بایکۆتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخستنەوەی پارێزگاری کەرکووکی خستە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و بەکۆ دەنگی پەرلەمانتارانی نێو هۆڵی پەرلەمان بڕیاری لابردنی درا.
173 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون و هەموویان دەنگیان بە دوورخستنەوەی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە پۆستەکەی داوە.
ئەوەش دوای ئەوە هات، هەر ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر داوایەک بۆ لابردنی نەجمەدین کەریم کرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد.
لە کاتی بەشداری لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەڤزیۆنی رووداو لە شەوی چوارشەممە 13-9-2017 ، نەجمەدین کەریم گوتی "من لە پەرلەمانی عێراقەوە متمانەم پێنەدراوە تاوەکو ئەوان لێم وەربگرنەوە، ئەو کەسەی منی هەڵبژاردووە و کراوم بە پارێزگار ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بووە. لە کۆتا هەڵبژاردن من دەنگی نیوەی زیاتری خەڵکم هێناوە، تاوەکو هەڵبژاردنێکی دیکە و تا خەڵکی کەرکووک منی بوێت خزمەتیان دەکەم، چ کاتێک خەڵکی کەرکووک بڕیاری ئەوەی دا کە پێویستیان بە کاری من نییە، ئەوکاتە من ملکەچ دەبم بە هەموو دەستوورەکانیان، بەڵام من لێرە خزمەتی خەڵکی کەرکووک دەکەم و خەڵکی کەرکووک بڕوای خۆی داوە بەمن نەک پەرلەمانی عێراق".
دوو رۆژ پێش ئێستاش لە کاتی سەردانەکەی بۆ کەرکووک، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پەرلەمانی عێراق هەوڵی لابردنی نەجمەدین کەریم لە پۆستەکەی دەدرێت، "بەڵام ئێمە بە قسەیان ناکەین و گوێشیان نادەینێ".
پێشتر زانا رۆستایی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاندبوو، بەپێی یاسای ژمارە 21ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەرلەمان دەتوانێ پارێزگار لابدات، بەڵام کەرکووک پابەندی ئەو یاسایە، لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی تێدا نەکراوە، تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کار بە یاسای ژمارە 21 ناکات، بەڵکو کار بە فەرمانی برێمەر دەکات، کە کاتی خۆی دەسەڵاتێکی کارگێڕی زۆری بە ئەنجوومەنی پارێزگاکان داوە.
رێکارە یاساییەکانی گۆڕینی پارێزگار بەپێی یاسای ژمارە 21 بریتییە لەوەی کە ئەنجوومەنی وەزیران داوایەک ئاراستەی پەرلەمان دەکات، کە لەسەر چەند هۆکارێک ئەو داوایە بونیاد نرابێت، پەرلەمانیش ئەوکاتە بە زۆرینەی دەنگ داواکە قبووڵ دەکات و لە پۆستەکە دووری دەخاتەوە وەکو ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری نەینەوا، بۆیە بەگوتەی زانا رۆستایی "ئەگەر 300 واژۆش لە پەرلەمانی عێراق کۆبکرێتەوە پەرلەمان ناتوانێت پەنا بباتە بەر ئەو رێککارە، چونکە رێکارێکی یاسایی نییە بۆ لادانی پارێزگار".
داڕشتنەوە: حەکیم داود