زریان رۆژهەڵاتی: دروستبوونی پارێزگای نوێ لە دەشتی نەینەوا زۆر گرنگە

رووداو - هەولێر

لێکۆڵەرێک، پێیوایە دروستبوونی چەند پارێزگایەک لە دەشتی نەینەوا لە بەرژەوەندی ئەمریکا و کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپایشە، هاوکات "رۆڵێکی زۆر گرنگی لە دابینکردنی ئەمنی ستراتیژی هەرێمی کوردستان دەبێت".


زریان رۆژهەڵاتی، لێکۆڵەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا، لەسەر پرسی دروستکردنی هەرێمی پاراستنی پێکهاتەکان لە دەشتی نەینەوا، رایگەیاند: "لە راستیدا لەبەر ئەوەی کێشمەکێشێکی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر موسڵ لەئارادا هەیە، چارەنووسی موسڵ، پارێزگای نەینەوا بە گشتی دەتوانێت داهاتووی عێراق و ململانێ نێوخۆیی و دەرەکیەکان یەکلا بکاتەوە، بۆیە ئەگەرێکی دوور لە واقیع نییە".

ئەو لێکۆڵەرە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو پێیوایە: "زەمینەیەکی هەم کۆمەڵایەتی و هەم سیاسی لەبار هەیە بۆ ئەوەی شتێکی لەو بابەتە دروست ببێت، پێکهاتەیەکی کوردی - مەسیحی وەکو کەوانەیەک بە دەوری موسڵدا هەیە، کە بەردەوام تووشی هەڕەشەی گرووپە تووندڕەوەکان بوونەتەوە، ئەگەر بێت و داعشیش نەمێنێت لە داهاتوودا گرووپە تووندڕەوە شیعیەکان یان سوونییەکان دیسان دەتوانن ببنەوە هەڕەشە لەسەر ئەو کەمینە مەزهەبی و ئایینی و نەتەوەییانە، ئەمە لە روانگەی مرۆییەوە".

زریان رۆژهەڵاتی پێیوایە "بەرژەوەندی ئەمریکا و کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپایی وا دەخوازێت ناوچەیەکی وا لە دەشتی نەینەوا دروست بکرێت، ئەمە دەتوانێت سوودو قازانجی زۆری بۆ هەرێمی کوردستانیش هەبێت".

ئەو لێکۆڵەرەی رووداو جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر چەند پارێزگایەک لە دەشتی نەینەوا دروست ببێت، ئەگەر بێت و نەشخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، دروستبوونیان وەکو پارێزگایەک وەکو ئیدارەیەک دەتوانێت رۆڵێکی "زۆر گرنگ"ی لە دابینکردنی ئەمنی ستراتیژی هەرێمی کوردستان هەبێت و ببێتە قەڵغانێک بۆ ئەو کێشانەی لە داهاتوودا رەنگە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان ببنەوە، لەگەڵ سوننە لەسەر خاک و لە هەڕەشەکانی حەشدی شەعبیش.