بە چوار کاتیۆشا هێرشکرایە سەر ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی بەغدا


رووداو دیجیتاڵ 
 
شانەی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە مووشەکێکی جۆری کاتیۆشا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتووەتەوە خوارەوە و بەهۆیەوە کەسێک برینداربووە و زیانی داراییش بەر خانوویەک کەوتووە. هاوکات سێ کاتیۆشای دیکە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتوونەتەخوارەوە.

بەپێی زانیارییەکانی شانەی ئەمنیی عێراق، مووشەکەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 14-8-2020 لە ناوچەی عەلی ساڵحی بەغداوە ئاڕاستەی ناوچەی سەوز کراوە. لە تەنیشتی خانوویەک کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی برینداربوونی منداڵێک.  هاوکات زیانی ماددی بە خانووەکە گەیاندووە.

هەر ئەمڕۆ هێرشێکی دیکەش پووچەڵ کراوەتەوە. شانەی ئەمنیی عێراق رایگەیاندووە، هێزەکانیان دەستیان گرتووە بەسەر مووشەکێکی دیکە لە جۆری کاتیۆشا لە ناوچەی ئوم عیزامی بەغدا، کە ئامادەکرابوو بۆ ئاڕاستەکردنی بۆ سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا.

ئەو مووشەکانەی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتوونەتەخوارەوە. بەپێی راگەیێندراوی شانەی ئەمنیی عێراق، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. مووشەکەکانیش لە ناوچەی رەزوانییەی باشووری بەغداوە ئاراستەی فڕۆکەخانەکە کرابوون.