کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنەکەی بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق میوانداریى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دەکات لەبارەى پرۆژەیاسای درێژکردنەوەى تەمەنیان، لەبارەى ئامادەکارى و بەربەستەکانى بەردەمیان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پرسیاریان لێ دەکرێت.
پرۆژەیاسای درێژکردنەوەى تەمەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان لە لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراقە، راپۆرتى تایبەت بە خوێندنەوەى دووەم ئامادە دەکەن بەرلەوەى دەنگى لەسەر بدرێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەکە بە تۆڕى میدیایی روواوى گوت، "بەر لە ئامادەکردنى راپۆرتى خوێندنەوەى دووەم، میوانداریی ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆن دەکەین بۆ تاوتوێکردنى پرۆژەى درێژکردنەوەى تەمەنیان."
بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە، تەمەنى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران شەش مانگ درێژ دەکرێتەوە، کە 7ى تەممووز کۆتایی دێت، بۆئەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەببەن. دارا سێکانیانى گوتى، "پرسیارى بەربەستەکان و ئاستى ئامادەکارییەکان و ئەو ماوەیە لە کۆمیسیۆن دەکرێت بۆ ئەو هەڵبژاردنە پێویستیانە."
پڕۆژەکە بۆ هەموارى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانە، ویلایەتى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى بە 60 مانگ دیاریکردووە لە رۆژى دەستبەکاربوونیەوە لە 7ى کانوونى دووەمى 2020.
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر بنەماى سکاڵایەکى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە 7ى ئایاردا فەرمانێکى سالاری بۆ راگرتنى رێکارەکانى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن دەرکرد تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵاکە یەکلا دەبێتەوە، کۆمیسیۆنیش بڕیارەکەى جێبەجێکرد.