تۆمەتبارێکى 'دزیی سەدە' بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرا

بڕێکی ئەو پارەیەی لە دزیی سەدە گەڕێندراوەتەوە.
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکى عێراق بەرپرسێکى پێشووى بە 10 ساڵ بەندکردن سزادا بە تۆمەتى ئەوەى لە دۆسیەى "دزیى سەدە" چەکى بانکى خەرجکردنى پارەى بۆ کۆمپانیایەک دەرکردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ى کانوونى دووەمى 2024، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکارى ئەو سزایەى بڵاوکردەوە. 
 
سزادراوەکە بەڕێوەبەرى پێشووترى دەستەى گشتیى باجى عێراق بووە و لەلایەن دادگەى ناوەندیى بنبڕکردنى گەندەڵى سزاى 10 ساڵ بەندکردنى بۆ دەرچووە.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى رایگەیاندووە، سزادراوەکە بە هاوبەشى لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکى دیکەدا دەستیان بەسەر بڕێک پارەى سپاردەى دارایی گرتووە کە لە بانکى رافیدەین بووە، ئەوەش لە رێگەى دەرکردنى چەکى بانکى خەرجکردنى ئەو پارانە بۆ کۆمپانیایەک. 
 
ئەو پارەیەى لە هەژمارى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باج لە عێراق لە بانکى رافیدەین براوە، زیاتر لە 3.7 تریلیۆن دینار بووە، کە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لەو بانکە برا و دزییەکەش بە "دزیى سەدە" ناوى دەرکردووە.
 
سزادانى بەڕێوەبەرى پێشووترى دەستەى گشتیى باج لە عێراق لەسەر بنەماى چەند بڕگەیەکى مادەى 316ى یاساى سزادانى عێراق بووە، کە تایبەتە بە قۆستنەوەی پلە و پۆست بۆ زیانگەیاندن بە ماڵى گشتى.