هیومان رایتس وۆچ رەخنەی لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتی ساڵانەیدا رەخنە لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت. راپۆرتەکە لە 760 لاپەڕەدا سەرجەم ئەو پێشێلکارییانەی مافەکانی مرۆڤی باسکردووە کە لە ساڵی 2020دا لە عێراق و هەرێمی کوردستان روویانداوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە دەڵێت: "دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردن و کوشتنی هەڕەمەکیی خۆپیشاندەران کە لە 2019ەوە دەستیپێکرد و لە 2020یش بەردەوامبوو، بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و دەستیشانکردنی مستەفا کازمی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، بەڵام مستەفا کازمیش شکستیهێنا لە کۆتاییهێنان بە ئازار و ئەشکەنجەدانی خۆپیشاندەران".
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ باسی هەموو ئەو رۆژنامەنووس و چالاکڤانانە دەکات کە لەلایەن کەسانی دەمامکدارەوە هێرشیانکراوەتە سەر و لە بەردەرگای ماڵەکانیان و لە رێگادا کوژراون.
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لەبارەی عێراق
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "حکومەتەکەی کازمی شکستیهێنا لە کۆتاییهێنان بە ئازار و ئەشکەنجەدانی خۆپێشاندەران
ئەشکەنجەدان" باڵی بەسەر سیستەمی دادگای تاوانی عێراقدا کێشاوە. لە خۆپێشاندانەکاندا رۆژنامەنووس، رەخنەگر، چالاکڤان و خۆپێشاندەر کوژراون.
بەپێی راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ لەسەر ئەشکەنجەدانی خۆپێشاندەران لێپێچینەوە لەگەڵ هیچ فەرماندەیەک نەکراوە، هەروەها کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبووە.
هەر لە چوارچێوەی عێراقدا هیومان رایتس وۆچ رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: لە مانگی ئایاری 2020دا خەڵک لەسەر دواکەوتنی مووچە خۆپیشاندانیان کردووە دەستگیرکراون، هەروەها دەشڵێت: لە ئابی 2020 هەمان رووداو دووبارەبووەوە، هێزە ئەمنییەکان "بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لە خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووسانیان دا و دەستگیریان کردن".
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە: حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق کە یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969ـی بەکارهێناوە،"یاسای رۆژنامەگەری، یاسای رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی هۆکارەکانی پەیوەندی بۆ سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین بەکاردەهێنێت".
لە راپۆرتەکەدا باسی باری دارایی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی مووچە کراوە و دەڵێت: "لە 2015ەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوادەکەوێت.
راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگریدەکات لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی خەڵکی رەبیعە و حەمدانییە بۆ ناوچەکانیان.
رەخنەی زیاتریشی لە حکومەتی عێراق لەسەر دۆخی ئەمنی و ئەشکەنجەدانی خەڵک بە تۆمەتی داعشبوون هەیە، دەڵێت: "بەڵگەنامە و کارتی کەسی بۆ هەزاران خێزانی عێراقی نوێناکاتەوە کە گومانی داعشبوونیان لەسەرە و، بەهۆیەوە هەزاران منداڵ لە قوتابخانە دابڕاون".
راپۆرتەکە باسی دادگاییکردنی گومانلێکراوانی داعش دەکات و دەڵێت: "بەشێکیان لەسەر بنەمای داعش بوون سزادەدرێن نەوەک ئەو تاوانەی ئەنجامیان داون، هەروەها گومانلێکراوان ناتوانن پارێزەر بۆ خۆیان بگرن، بە گوێرەی هەندێ بەڵگەنامە، ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بە جەستەی هەندێ گومانلێکراوەوە دیارە، لە عێراق لە تەمەنی 9 ساڵیشەوە گومانلێکراوی داعش دادگایی دەکات".