رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق پێشنیازەیاسایەک بۆ هەموارى یاساى خانەنشینى تاوتوێ دەکات بۆ ئەوەى تەمەنی خانەنشینی وەکو پێشووی لێبکرێتەوە.
پێشنیازەیاساکە بۆ هەموارى یاساى خانەنشینى لەلایەن لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقەوە ئامادە کراوە. دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "پێشنیازە یاساکە گەیشتووەتە لیژنەکەمان".
ئەو پێشنیازەیاسایە بۆ ئەوەیە تەمەنى خانەنشینى لە 60 ساڵەوە وەکو پێشووی لێبکرێتەوە کە 63 ساڵ بوو.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابووری و پیشەسازى و بازرگانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "پێشتر واژۆ بۆ ئەو هەموارە کۆکرایەوە و ئێستا پێشنیازەیاساکە نێردراوە بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمان بۆ ئەوەى بیخاتە خشتەى کارەوە".
لە ساڵى 2019 پەرلەمانى عێراق تەمەنى خانەنشینى لە 63 ساڵ کرد بە 60 ساڵ وەک جێبەجێکردنى داواکارى خۆپێشاندانى تشرینییەکان بۆ ئەوەى فەرمانبەران زووتر خانەنشین بکرێن و ببێتە دەرفەت بۆ ئەوەى کەسانى نوێ دابمەزرێندرێن.
بە گوتەى سۆران عومەر زیادکردنى تەمەنى خانەنشینى بۆ سوودبینینى زیاترە لە ئەزموونى ئەو کەسانەى لە خزمەتدان لەگەڵ کەمکردنەوەى گوشار لەسەر سندوقى خانەنشینى کە لەگەڵ خانەنشینبوونى هەر فەرمانبەرێکدا مووچەى ساڵێکیان پێدەدرێت.
بەگوێرەى ئامارى دەستەى خانەنشینى عێراق زیاتر لە چوار ملیۆن خانەنشین هەن لە عێراق کە خۆیان یان واریسەکانیان مووچەکە وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ