لە زیقار خۆپێشاندان دەکرێت و بارەگاى دیوانى پارێزگا داخرا
رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندانى دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگەکان لە زیقار دەستیپێکرد. چالاکڤانێکى ئەو شارە دەڵێت: "بڕیارە خۆپێشاندەران مانگرتن رابگەیێنن".
ئەمڕۆ 13ى تشرینى دووەمى 2022، بەشێک لە دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگەکان لە گۆڕەپانى ئیمام عەلى لە شارى ناسرییەى ناوەندى پارێزگاى زیقار خۆپێشاندانیان دەستپێکرد.
مەنسور عەباس، چالاکڤانی سڤیل لە شاری ناسرییە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو خۆپێشاندەرانە لە زۆربەى قەزا و ناحیەکانەوە هاتوونەتە ناوەندى پارێزگاکە و لەبەردەم دیوانى پارێزگا کۆبوونەتەوە و باڵەخانەکەیان داخستووە"؛ گوتیشى: "پێشتر خاوەن بڕوانامەکان لە ناوچەکانى خۆیان خۆپێشاندانیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ هەموویان هاتوونەتە ناوەندى پارێزگاکە و داواکاریی سەرەکیى خۆپێشاندەرانیش دامەزراندان و دۆزینەوەى هەلى کارە".
مەنسور عەباس گوتیشى: "بڕیارە خۆپێشاندەران مانگرتن رابگەیێنن لەو شوێنەى کە لێى کۆبوونەتەوە، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت".
بەگوێرەى ئامارێک کە هادى عزى، پارێزگارى شارەکە لە 25ى حوزەیرانى 2022 بڵاویکردووەتەوە، 40%ى خاوەن بڕوانامەکان لە زیقار بێکارن.