فراکسیۆنی نەوەی نوێ بایکۆتی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، بایکۆتی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە پەرلەمان دەکات.
 
سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دەنگیان بە رێبوار ئەوڕەحمان، بەربژێری نەوەی نوێ بۆ سەرۆککۆماری عێراق داوە کە نۆ دەنگی بەدەستهێنا و هەمووی دەنگی نەوەی نوێ بوون.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ناچنە نێو گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، "چونکە ئەمە یارییەکی سیاسیی پیسە لەنێوان حیزبە کوردییەکان کەوا دەسەڵاتدارن لە هەرێمی کوردستان و ئێمەش بەشێک نابین لەم یاریە سیاسییەدا."
 
هاوکات نەرمین مەعرووف، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ رووداو کرد و رەتیکردەوە فراکسیۆنەکەیان لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کشابێتەوە.
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە پەرلەمان 277 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، کە ئەنجامەکە بەم جۆرە بوو:
 
لەتیف رەشید 157 دەنگ
 
بەرهەم ساڵح 99 دەنگ
 
رێبوار ئەوڕەحمان 9 دەنگ
 
10 دەنگیش بەتاڵ بوون
 
هەربۆیە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چووە گەڕی دووەم و بڕیارە لە کاژێرەکانی داهاتوودا دەنگدان بەڕێوەبچێت و سەرۆککۆماری عێراق لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت.