گەشتی شەمەندەفەر لەنێوان بەغدا و فەلوجە دەستیپێکردەوە؛ بۆ هەر گەشتێک سێ هەزار دینارە
رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ ساڵ گەشتی شەمەندەفەر لەنێوان بەغدا و فەلوجە دەستیپێکردەوە. پەیامنێری رووداو لەگەڵ کاپتنی شەمەندەفەر گەشتەکەی کرد. لەو گەشتە ئەزموونییەدا کێشە و گرفتەکان زۆر بوون، هێڵەکانی ئاسنین وێرانن و بە درێژایی رێگەکەش کەس گوێ بە هاتن و چوونی شەمەندەفەر نادات. دار، بەرد، زبڵ و خاشاک لهسهر هێڵی ئاسنین زۆرە و منداڵ و ئاژەڵ له دهوروبهری هێڵهكه دهبینرێن.
کاپتن عیماد حەسون، شۆفێری شەمەندەفەر بە رووداوی گوت، "تەنیا داوای هۆشیاری لە هاووڵاتییان دەکەین، چونکە رێگەی نافەرمی کە بەسەر رێگەی ئاسنینەوەیە، زۆر بووە، بەهۆی ئەوەی ماوەیەکە کار لەسەر ئەم هێڵە ناکرێت، پاشان خانوو و، دووکانی زێدەڕۆ لەسەر رێگەکە دروستکراون، هەندێکجار خەڵک ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر رێگەی ئاسنین جێدەهڵێت و دەڕوات، گوێی پێ نادات، ئەمە وادەکات لە گەشتەکان دوابکەوین، خۆتان دەزانن ئێمە کاتی دیاریکراومان هەیە تاوەکو بە وێستگەکان بگەین، ئەمە زۆر کاریگەری لەسەرمان دروستکردووە."
لە 14-09-2023ـەوە رۆژانە گەشتەکانی نێوان بەغدا- فەلوجە و بە پێچەوانەشەوە دەستپێدەکەنەوە. شەمەندەفەر کاژێر 06:00خولەک بەرەو بەغدا بەڕێدەکەوێت و کاژێر 05:00ـی ئێوارە دەگەڕێتەوە. هەرچەندە رێگەی ئاسنینی نێوانیان 50 کیلۆمەترە، بەڵام بەهۆی کۆنیی شەمەندەفەرەکە و ئەو کێشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە، گەشتەکە کاژێرێک و 30 خولەک و هەندێکجار زیاتریش دەخایێنێت.
حامد فتێخان، بەڕێوبەری هۆبەی گواستنەوە دەڵێت، "نرخی تکت لە بەغداوە بۆ فەلوجە سێ هەزار دینارە، لە فەلوجەشەوە بۆ بەغدا هەمان نرخە، ئەم هێڵە لەوکاتەوە وەستا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە، لەبەر رێکارە تەندروستییەکان ناچاربووین هیڵەکە رابگرین، بۆیە ئەو ماوەیە وەستا، ئینشاڵڵا هێڵی شەمەندەفەر دەستپێدەکاتەوە و بەردەوام دەبێت."
وێستگهی گشتیی شهمهندەفهری عێراق له ساڵی 1912 دامهزراوه، یهكهم گهشتیش له ساڵی 1914 له بهغدا بۆ دوجەیلی سامەڕا کرا، دواتر بۆ پارێزگاكانی ناوهڕاست و خوارووی عێراق، هەروەها بۆ کەرکووک و موسڵیش هێڵی ئاسنین راكێشرا.