بەهۆی باسکردنی هاوڕەگەزخوازی، دەرکەوتن لە رۆژنامەڤانێکی عێراقی قەدەخە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى راگەیاندن و گەیاندنى عێراق بڕیاری دا بۆ ماوەى شەش مانگ دەرکەوتنى رۆژنامەڤانێک لە کەناڵەکانى تەلەڤزیۆن قەدەخە بکات، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژنامەڤانەکە باسی لەوە کردبوو کە هاوڕەگەزخوازی لە نەجەف زۆربووە.
بڕیارەکە ئەمڕۆ سێشەممە 13ى ئابی 2024 لەلایەن ئەو دەستەیەوە دەرکراوە، تیێیدا ئاماژە بەوە دراوە، بەشیر حجێمى راگەیاندنکار نابێت بۆ ماوەى شەش مانگ لە کەناڵەکانى راگەیاندن دەربکەوێت.
راگرتنى دەرکەوتنى راگەیێندکارەکە بەگوێرەى ئەو بڕیارە، "بەهۆى بڵاوکردنەوەى زانیارى درۆ و بێ بنەما" و قسەکردن لەسەر ئەو پرسانە بووە کە پەیوەندارن بە "رەوشت و ئادابى گشتییەوە".
بەشیر حجێمى لە دیدارێکى تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت، "زۆرترین بەربڵاوى هاوڕەگەزخوازی لە نەجەفە، زۆرترین رێژەى هاوڕەگەزخواز و لادەرى سێکسى لەو شارە هەن".
لە بڕیارەکەى دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان هاتووە کە پێشتر لە 12ى ئایارى 2024 ماوەى دوو مانگ دەرفەت بەو کەسە دراوە پێداچوونەوە بە ئەداى راگەیاندنى خۆیدا بکات، بەڵام "گوتارەکانى نەگۆڕیوە".