لایەنەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری دیالە ناکۆکن؛ یەکێتى داواى پۆستى جێگرى پارێزگار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

چوار لایەنى سوننە و شیعە لەسەر پۆستى پارێزگارى دیالە و سەرۆکى ئەنجوومەنەکە ناکۆکن. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەکان لەو بارەیەوە چڕ بکرێنەوە. یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان داواى پۆستى جێگرى پارێزگار دەکات.
 
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، بڕیارە لەم هەفتەیەدا لایەنە سیاسییەکانى دیالە زنجیرەیەک کۆبوونەوە بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەى پۆستەکانی حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکە.
 
ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، قسە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی دیالە دەکرێت، بەڵام رێککەوتنى یەکلاییکەرەوە لەسەر پۆستەکان نەکراوە.
 
ناکۆکیى سەرەکى لەسەر پۆستى پارێزگار لەنێوان لایەنە شیعەکاندایە. دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتیى نوورى مالیکى داواى ئەو پۆستە دەکات و رەسوول عەجمى بەربژێر کردووە. رێکخراوى بەدریش بە سەرۆکایەتیى هادى عامرى دەیەوێت موسەننا تەمیمى لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە ئەو دوولایەنە دوو ساڵ بە دووساڵ پۆستەکە بەڕێوەببەن.
 
مازن لهێبى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە فاکسیۆنى تەقەدووم بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشنیازى دوو ساڵ بەدووساڵ لە ئەنجوومەنى پارێزگا باس نەکراوە، بەڵام ئەوس مەهداوى دەڵێت، "دەنگۆى ئەو سیناریۆیە هەیە، بەڵام هەندێک دژى ئەو دابەشکارییەن."
 
پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا لە پشکى سوننەیە. هاوپەیمانیى تەقدووم بە سەرۆکایەتى محەممەد حەلبووسی لەگەڵ هاوپەیمانیى سەروەرى بە سەرۆکایەتى خەمیس خەنجەر لەسەرى نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
ئەوس مەهداوى کە تەنیا ئەندامى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانە لە ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە گوتى، "وەک یەکێتى داواى پۆستى جێگرى پارێزگارمان کردووە کە پشکى کوردە."
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە 15 ئەندام پێکهاتووە و بوون بە دوو بەرەوە؛ بەرەیەکی هاوپەیمانیى تەقەدووم، یەکێتى و دەوڵەتى یاساى تێدایە. بەرەکەى دیکە، رێکخراوى بەدر و هاوپەیمانیی سەروەری و چەند لایەنێکى دیکەن.
 
دوو هاوپەیمانێتیەکەى دیالە هەر یەکێکیان 7 کورسی هەیە و بە تەنیا ناتوانن پۆستەکان یەکلایی بکەنەوە.