زیاتر لە 57%ى گۆڕە بە کۆمەڵەکانى قوربانیانی دەستی داعش لە عێراق هەڵنەدراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
121 شوێنی گۆڕى بە کۆمەڵى دەستى داعش لە عێراق هەن کە 70 یان کاریان تێدا نەکراوە، لەو شوێنانە 130 گۆڕى بەکۆمەڵ هەڵدراونەوەتەوە و زیاتر لە سێ هەزار تەرم دەرهێندراون.
تێکڕاى ئەو پێگەى گۆڕە بە کۆمەڵانەی قوربانیانى دەستى رێکخراوى داعش لە عێراق، 121 گۆڕی بەکۆمەڵن، 51 یان هەڵنەدراونەتەوە، 70 پێگەی دیکەیان ماون وهێشتا هەڵنەدراونەتەوە کە هەر پێگەیەک چەند گۆڕێکى بە کۆمەڵى تێدایە.
لەو پێگانەى گۆڕى بەکۆمەڵ کە کاریان تێدا کراوە، 130 گۆڕى بە کۆمەڵ هەڵدراونەتەوە،سێ هەزار و 79 رووفات دەرهێنداراون، 60 گۆڕى بە کۆمەڵ هێشتا هەڵنەدراونەتەوە کە لەو پێگانەى کاکردن تیایدا دەستى پێکراوە.
چرۆ حەمە شەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند:"هەڵنەدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان پەیوەندار نییە بە نەبوونى بودجەوە، بەڵکو پەیوەندى بە دەستەى شەهیدان هەیە و لەسەر ئەو پرسە داواى میوانداریکردنى سەرۆکى دامەزراوەى شەهیدانمان کردووە لە لێژنەکەمان".
بەگوێرەى ئامارێک کە میدیاى فەرمیى عێراق بڵاویکردووەتەوە، زۆرینەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سنوورى پارێزگاى نەینەوان کە 111 گۆڕى بەکۆمەڵە، بە دوایدا پارێزگاى سەلاحەددین دێت بە 38 گۆڕى بە کۆمەڵ، لە سنوورى پارێزگاى کەرکووکیش شەش گۆڕى دیکەى بە کۆمەڵى دەستى داعش هەن.
ئەندامەکەى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى پەرلەمانى عێراق گوتى: "روفاتى ئەو کەسانەى کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانى داعش دەردەهێندرێن لە دادپزیشکى بەغدا بۆ پشکنین و وەک شەهید مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و مووچە و ئیمتیازیان دەبێت."
10ى حوزەیرانى 2014، رێکخراوى داعش شارى موسڵى کۆنتڕۆڵکرد، بەدوایدا سێیەکى خاکى عێراقى کەوتە دەست بەرلەوەى لە ساڵى 2017 هێزە ئەمنییەکانى عێراق و پێشمەرگە هاوپەیمانان تەواوى ناوچەکانیان لە ژێر دەست دەربهێنن.