دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق ناچار دەکرێت هاوئاهەنگى لەگەڵ هەولێر بکات
رووداو دیجیتاڵ
یاسای نوێی دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق رێگەى پێدەدات بەشێک لە بودجەکەى رانەگەیێنێت؛ بۆ ئەو پرسانەشى پەیوەستن بە هەرێمى کوردستانەوە، دەبێت هاوئاهەنگى لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانى بکات.
ئەو یاسایە لە 9ى ئایار لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا، چوارچێوەى یاسایی پێکهێنانى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانییە کە راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانەوە.
لە رەشنووسی پڕۆژە یاساکەدا بەر لە پەسندکردنى، بڕگەیەکى تێدابوو کە دەسەڵات بەو دەزگایە دەدات نووسینگە لە هەرێمى کوردستان بکاتەوە، بەڵام دواتر گۆڕدراوە.
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو بڕگەیە گۆڕدرا بۆ ئەوەى کە دەزگاکە هاوئاهەنگى لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان بکات."
تیرۆر، زیانگەیاندن بە دامەزراوەکانى دەوڵەت و بڵاوکردنەوەى ترس، گرنگترین ئەو پرسانەن کە دەزگاکە بەگوێرەى یاساکەى دەبێت رێگرییان لێبکات.
دەزگاکە سەرۆکێک، دوو بریکار، دوو بەڕێوەبەرى گشتى و راوێژکارێک یان زیاترى هەیە، ئەو فەرمانانە جێبەجێ دەکات کە لە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانەوە پێیان دەدرێت.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوە دا، یەکێک لەو مادانەى دیکەى یاساکە کە لە بەرژەوەندیى کوردە ئەوەیە، دەبێت لە دەزگاکەدا هاوسەنگیى پێکهاتەکانى تێدا پارێزراو بێت بە "کوردیشەوە."
سەرچاوەى دارایی دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى، پشکى لە یاسای بودجەى گشتى و کۆمەکە، لە گومرگ و رسوماتەکان دەبەخشرێت. سەگڤان سندى دەڵێت، "دوو بودجەى دەبێت، یەکێکیان زانراو و ئەوى دیکەیان نهێنى و رانەگەیێندراو؛ بەڵام دەبێت دیوانى چاودێریى دارایی وردبینیى تێدا بکات."