سوودانی داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات بۆ یەکخستنی رێکارەکانی پیشەسازی کۆببنەوە

رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کرد کۆبوونەوە ئەنجام بدەن بۆ یەکخستنی رێوشوێنەکانی تایبەت بە کەرتی پیشەسازی.
هەروەها بڕیاردرا لە هەر پارێزگایەک هەزار دۆنم زەوی بۆ پڕۆژەی پیشەسازی تەرخان بکرێت.
ئەو داواکارییە و بڕیارانەی سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی پیشەسازی بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025 لە بەغدا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا میکانیزمەکانی پەرەپێدانی پیشەسازیی نیشتمانی تاوتوێکران، هەروەها جێبەجێکردنی بڕیار و رێنوێنییەکانی کۆبوونەوەکانی پێشووی ئەنجوومەنەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێر و بەغدا کردووە کۆببنەوە بۆ یەکخستنی رێوشوێنەکانی تایبەت بە کەرتی پیشەسازیی و راسپاردە پێشکێش بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکان، لەپێناو پاڵپشتیی پڕۆژە پیشەسازییە هاوبەشەکان.