لە 2 هەزار پشکنینی لەناکاودا 100 کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گومان دەکرێت بەکارهێنەری هۆشبەربن
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەزار ئەفسەر و کارمەندى وەزارەتى ناوخۆى عێراق پشکنینى لە ناکاوى مادەى هۆشبەریان بۆ کراوە. بەڕێوەبەرى بنبڕکردنى مادە هۆشبەرەکانى عێراق یەکێک بووە لەوانەى پشکنینەکەى بۆ کراوە، نزیکەى 100 کارمەندیان گومانیان لێدەکرێت بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەربن.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى کە تۆڕى میدیایی رووداو لە بەڕێوەبەرایەتیى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەرى عێراقەوە دەستى کەوتوون، زیاتر لە دوو هەزار ئەفسەر و فەرمانبەرى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ پشکنینى لە ناکاوى مادەى هۆشبەریان بۆ کراوە.
لە یەکى نیسانى 2023ـەوە بە بڕیارى عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لە رێگەى لیژنەیەکى تایبەتەوە دەستکراوە بە پشکنینى لەناکاو بۆ کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆ بۆ ئەوەى ئەو کەسانە ئاشکرابن، کە مادەى هۆشبەر بەکاردەهێنن تاوەکو رێوشوێنى یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کاریگەرییە هزرییەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەڕێوەبەرى ئەو دەزگایە یەکێک بووە لەوانەى کە خۆى ئەو پشکنینەى کردووە بۆ هاندانى پڕۆسەکە".
بەگوێرەى میدیاى فەرمیى عێراق، لە کۆى ئەو دوو هەزار پشکنینە، 100 یان گومان دەکرێت بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەربن. ئەو سەرچاوەیە گوتى: "ئەگەر هەر پشکنینێک گومان لەسەرى هەبوو بۆ جارى دووەم لە ناوەندێکى وردتر بۆ دڵنیابوونەوە پشکنینی بۆ دەکرێتەوە". بەوپێیەى بە گوتەى ئەو؛ هەندێکجار بەکارهێنانى وزەبەخش یان چارەسەرى دیکە لە پشکنینى یەکەمدا وەک بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەر دەردەکەون.
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەرى عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.
ئەوە لەکاتێکدایە کە لیژنەیەکى کاتیی پەرلەمانى عێراق، راپۆرتێکى لەبارەى رووبەڕووبوونەوەى مادەى هۆشبەر دایە حکومەتی عێراق و یەکێک لە داواکارییەکانى ئەوەیە؛ پشکنینى مادەى هۆشبەر بۆ قوتابییانى دواناوەندى و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان و فەرمانبەرانى دەوڵەت و کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان بکرێت.