لە کوت بارەگای فەرماندەیەکی بەریتانی رووخا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بارانی بەخوڕ و باهۆزەوە، رووکاری کۆشکی جەنەراڵ تاوزەند-ی بەریتانی لە شاری کوت رووخا.
 
جەنەراڵ تاوزەند، فەرماندەی هێزەکانی بەریتانیا لەکاتی شەڕی لەگەڵ عوسمانییەکاندا لە جەنگی یەکەمی جیهانی (1914 - 1918) ئەو کۆشکەی کردبووە بارەگای خۆی.
 
سەیف سەلاحە کە لە نزیک ئەو کۆشکە نیشتەجێیە رایگەیاند، بەهۆی بارانی بەخوڕ و باهۆزی تووندەوە کە ئێوارەی چوارشەممە شاری کوت (ناوەندی پارێزگای واست)ی گرتەوە، رووکاری کۆشکەکە رووخاوە.
 
کۆشکەکە دەکەوێتە ناوچەی شەرقیە و یەکێکە لە کۆنترین ناوچەکانی کوت. لەسەر رووبەری 200 مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، لە دوو نهۆم پێکهاتووە، 13 ژوورە، دیوارەکانی نەخشێندراون.
 
ئەو کۆشکە گەواهیدەری شەڕێکی سەختی نێوان بەریتانییەکان و هێزەکانی عوسمانی بوو لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم. گرنگترین رووداو گەمارۆدانی هێزەکانی بەریتانیا بوو لە شاری کوت لەلایەن عوسمانییەکانەوە، کە بە گەمارۆدانی کوت ناسراوە و لە کانووی دووەمی 1915 تاوەکو نیسانی 1916 بەردەوام بوو. لە کۆتاییدا هێزەکانی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی تاوزەند بە ناچاری خۆیان بەدەستەوە دا.